كوردستان 24 له‌ داڤۆسه‌

"باس لە رەوشی ھەرێمی كوردستان دەكەن"

K24 – داڤۆس:

بۆ بەشداریكردن لە كۆڕبەندی داڤۆس شاندی ھەرێمی كوردستان سەردانی وڵاتی سویسرا دەكەن و لە كۆڕبەندەكەدا باس لە رەوشی ھەرێمی كوردستان و ھاوكاری ده‌وڵه‌تان بۆ چارەسەری قەیرانی دارایی دەكەن.

پەیامنێری كوردستان24، لە داڤۆس رایگەیاند، " بڕیارە ئەمڕۆ شاندێكی ھەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی عەلی سندی، وەزیری پلاندان بگەنە داڤۆس، بەگوێرەی زانیارییەكان شاندی ھەرێمی كوردستان لەو كۆڕبەندەدا پانێڵی دەبێت و باس لە شەڕی داعش و چۆنیەتی پڕ چەككردنی پێشمەرگە لە لایەن وڵاتانی رۆژئاوا و قەیرانی دارایی ھەرێمی كوردستان بكرێت دەكات".

گوتیشی: "چاوەڕوان دەكرێت شاندی ھەرێمی كوردستان باس لەوە بكات، نزیكەی دوو ساڵە ھەرێمی كوردستان لە رەوشێكی دارایی خراپدایە، جگە لە پانێڵ بە جیا لەگەڵ زۆرێك لە بەرپرسانی ئەورووپا و ئەمریكا، لە پاڵ ھاوكارییە لوجستی و سەربازییەكان بۆ پێشمەرگە، باس لەوە بكەن وڵاتانی ئەورووپا ھاوكاری ھەرێمی كوردستان بكەن بۆ چارەسەركردنی قەیرانی دارایی".

پەیامنێری كوردستان24 ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، "ئەو تەوەرانەی لە كۆڕبەندەكەدا باسیان لێوە دەكرێت، یەكێكیان پرسی ژینگەیە كە گرنگی پێدەدرێت، چونكە لە دیسێمبەری پارساڵ 195وڵات بەڵێنیانداوە ژینگە پارێزی یەكێك لە ئەولەویەتی كارەكانی حكوومەتەكانیان بێت، ھەروەھا باس لە پێشوە چوونی تەكنەلۆژیا و سوودەكانی بۆ مرۆڤایەتی دەكرێت، پرسێكی دیكەی كۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس قسەكردن دەبێت لەبارەی پرسی ھاتنی رێژەی زۆری پەنابەران بۆ وڵاتانی ئەووروپا، ھەروەك پرسی پڕۆگرامی ئەتۆمی كۆریای باكوور باسی لێوە دەكرێت و رۆڵی رووسیا لە ناوچەكە تاوتوێ دەكرێت، پێدەچێت بە گشتی باس رەوشی لە ھەڵگرتنی ئابڵوقەی ئابووریی لەسەر ئێران بكرێت".

كۆڕبەندی ئابووری جیھان ناسراوە بە داڤۆس، بۆ یەكەم جار لە ساڵی 1971، بەڕێوەچووە و بۆ ئەمساڵیش بڕیارە سبەی لە داڤۆسی سویسرا بەڕێوە بچێت و40 لە سەرۆك و سەركردە سیاسیەكانی وڵاتان لە پانێڵەكاندا باس لە رەوشی ساسی و ئابووریی وڵاتانی جیھان دەكەن.