واشنتۆن هاتنی مارێنز بۆ عێراق ره‌تده‌كاته‌وه‌

مه‌شق به‌ سێ لیوای پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن

K24 - به‌غدا:

باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق، ئه‌و هه‌واڵانه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ كه‌ باس له‌ گه‌یشتنی هه‌زاران سه‌ربازی مارێنزی وڵاته‌كه‌ی ده‌كات بۆ عێراق و دووپاتیش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌ چه‌ند هه‌فته‌ی داهاتوو، ئاڵوگۆڕ به‌ هه‌ندێك هێزی سه‌ربازی ده‌كات له‌ عێراق.

باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا، هاتووه‌: "له‌ چه‌ند هه‌فته‌یه‌كی داهاتوو، یه‌كه‌ی 82ی سوپای وڵاته‌كه‌ی كه‌ ئێستا له‌ عێراق جێگیرن، به‌ یه‌كه‌ی 101 ئاڵوگۆڕ پێده‌كات".

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، كه‌ ئه‌و رێكاره‌ به‌شێكه‌ له‌و ئاڵوگۆڕه‌ سه‌ربازییانه‌ی سوپای ئه‌مه‌ریكا و هێزه‌كه‌ش له‌ عێراق جێگیر ده‌بێت.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، ژماره‌ی سه‌ربازانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عیراق له‌نێوان 3-5 هه‌زار سه‌ره‌باز ده‌بێت و یه‌كه‌ی 101یش هه‌مان ئه‌ركی یه‌كه‌ی 82ی پێ ده‌سپێدرێت، كه‌ ئه‌ركی سه‌ره‌كییان مه‌شق و راهێنان و راوێژكاری سه‌ربازییه‌.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات، ئه‌و ئاڵوگۆڕه‌ سه‌ربازییانه‌ی سوپای ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق، به‌ ئاگاداری و هه‌ماهه‌نگیی بووه‌ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی به‌غدا.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، ئاژانسی هه‌واڵی "رۆیته‌رز" بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌مه‌ریكا له‌ پلانیدایه‌ 1800 سه‌ربازی دیكه‌ ره‌وانه‌ی عێراق بكات.

ئاشتۆن كارته‌ر، وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، ئه‌و هێزه‌ سه‌ربازییه‌ی وڵاته‌كه‌ی، هاوشانی سوپای عێراق له‌ دژی چه‌كدارانی رێكخراوی داعش ده‌جه‌نگێت.

پێشتر باراك ئۆباما، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، له‌ مانگی تشرینی دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌ری 2015، پلانێكی نوێی رایگه‌یاند و به‌ گوێره‌ی پلانه‌كه‌  سه‌ربازانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق ژماره‌یان بۆ دوو هێنده‌ زیاد ده‌كرێت كه‌ ره‌نگه‌ بگاته‌ 3 هه‌زار و 1500 سه‌ربازی دیكه‌ش بۆ راهێنانی هێزه‌ عێراقییه‌كان ده‌نێردرێت.

به‌ گوێره‌ی پلانه‌كه‌ی ئۆباما، سێ لیوای هێزی پێشمه‌رگه‌ش كوردستانیش له‌لایه‌ن سوپای ئه‌مه‌ریكاوه‌ راهێنانییان پێده‌كرێت.