رووحانی: ھەڵبژاردن تەنیا بۆ یەك باڵ بێت با بەڕێوە نەچێت
ناكرێت، ئەو باڵەی زیاتر لە چەندین ملیۆن لایەنگری ھەیە، لە ھەڵبژاردن بێ بەش بكرێت

K24 – تاران:
سەرۆك كۆماری ئێران حەسەن رووحانی بۆچوونی خۆی سەبارەت بە ھەڵبژاردنی ئێران دەربڕی و رایگەیاند: "ناكرێت، ئەو باڵەی زیاتر لە چەندین ملیۆن لایەنگری ھەیە، لە ھەڵبژاردن بێ بەش بكرێت، ئەگەر بڕیارە تەنیا یەك باڵ مافی چوونی بۆ ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامیی ھەبێت، پێویست بە ھەڵبژاردن ناكات".
رووحانی گوتی: "گەورەترین بەرپرسیارەتی كابینەی یازدەیەمی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە سیاسەتی ناوخۆییدا ، بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردنە (ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامیی و ئەنجوومەنی شارەزایان) لەسەر بنەمای یاسا، پێویستیشە ھاووڵاتیان بەشداری بەرچاویان ھەبێت".
سهرۆك كۆماری ئێران گوتیشی: "پێویستە ئەو ھەڵبژاردنە لە كەشێكی بێ لایەنانە و دوور لە دەستێوەردان و لە ئەمنیەتێكی تەواودا و لە سەر بنەمای پابەندبوون بە یاسا و كێبركێیەكی تەندرووستدا بەڕێوەبچێت".
سەرۆك كۆماری ئێران سەبارەت بە ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامیی روونیكردهوه: "ئەو ئەنجوومەنە ماڵی ھاووڵاتیانە و حكوومەت لایەنگری ھیچ حزب، لایەن یان كاندیدێكی دیاریكراو ناكات و بارودۆخی ئیستای جیھان دەخوازێت، باشترینەكان ھەڵبژێردرێن".
ھەندێك لە سەرچاوەكان باس لە رەتكردنەوەی ژمارەیەكی بەرچاو لە كاندیدەكانی سەر بە باڵی رێفۆرمخواز لە لایەن شوورای نیگەھبانەوە دەكەن و بەمەش دەرفەتی كێبركێ لە نێوان باڵی رێفورمخواز و باڵی پارێزگاران كەم دەبێتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو،"ئەو رۆژانە لێكۆڵینەوە لە سەر كاندیدەكانی ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامیی دەكرێت، ھەڵبەت پێویستە سەرجەم كاندیدەكان پابەندی ئایین و بنەماكانی یاسای بنەڕەتی كۆماری ئیسلامیی ئێران بن، بەڵام ئایا ئەوە ھەموو شتێكە؟".
لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: "ئەگەر پابەندبوون بە ئایین و دەستووری بنەڕەتی ئێران ھەموو شتێك بێت، ئەدی پرسەكانی وەكوو ژینگە، پیشەسازی، ھەڵواسان، بێكاری و گەشەی ئابووری چی لێدێتەوە؟".
سەرۆك كۆماری ئێران گوتیشی: " ئەگەر بڕیار بێت تەنیا یەك باڵ مافی چوونە ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامیی ھەبێت، چ پێویست دەكات ھەڵبژاردن بكرێت".
بە گوێرەی یاسای كۆماری ئیسلامیی ئێران، تەنیا ئەو كەسانە مافی بەشداری لە ھەڵبژاردنییاندا ھەیە كە لە قۆناغی یەكەمدا لە فیلتەری شوورای نیگەھبان دەرچن، ئینجا دەتوانن، وەكوو كاندیدی ھەڵبژاردن دیاری بكرێن و خەڵك دەنگیان پێبدات.
سهرچاوه: بی بی سی فارسی……