رۆژنامەكانی ئێران: دەسەڵاتی یاسادانان لە پاشەكشە دایە

ناكرێت، ئەو باڵەی زیاتر لە چەندین ملیۆن لایەنگری ھەیە، لە ھەڵبژاردن بێ بەش بكرێت

K24 – تاران:

رۆژنامەكانی ئەمڕۆی ئێران بە گرنگیەوە باسی گوتارەكەی سەرۆك كۆماری ئێران، حەسەن رووحانییان كردووە، سەبارەت بە رەتكردنەوەی بە لێشاوی كاندیدەكانی ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامیی ئێران، ھەروەھا لابردنی بەربەست لە لایەن ئەمریكاوە، لە سەر ڤیزای ئەو بازرگانانەی  سەردانی ئێرانیان كردووە، باسێكی دیكەی جێیی بایەخی رۆژنامەكانی ئێرانە.

رۆژنامەكانی سەر بە ریفورمخوازەكان، گوتارەكەی سەرۆك كۆماری ئێران حەسەن رووحانییان كردووەتە مانشێتی سەرەكی خۆیان. حەسەن رووحانی لەبارەی رەتكردنەوەی كاندیدەكانی ئەنجوومەنی شوورای كۆماری ئیسلامیی لە لایەن ئەنجوومەنی شوورای نیگەھبانەوە گوتی: "ناكرێت، ئەو باڵەی زیاتر لە چەندین ملیۆن لایەنگری ھەیە، لە ھەڵبژاردن بێ بەش بكرێت و ئەگەر بڕیارە تەنیا یەك باڵ مافی چوونی بۆ ئەنجوومەنی شوورای كۆماری ئیسلامیی ھەبێت، پێویست بە ھەڵبژاردن ناكات".

ترسی كاندیدەكان لە رەتكردنەوە

لە وتارێكی رۆژنامەی ئارماندا (سەر بە ریفورمخوازەكان) نووسەر شیكردنەوەی بۆ رەتكردنەوەی كاندیدەكان لە لایەن شوورای نیگەھبانەوە كردووە و نووسیویەتی: "لەمێژە دەسەڵاتی یاسادانان لە ئێران، لە رووی چۆنایەتییە لە پاشەكشێ دایە، زۆربەی كاندیدەكانی ئەنجوومەنی شوورای كۆماری ئیسلامیی خۆیان بۆ خوولی داھاتوو دادەنێن، بۆیە كەمتر لە سەر پرسەكان گفتوگۆ دەكەن، ئەوەیش ترسە لە رەتكردنەوەیان لە خوولی داھاتوودا".

رۆژنامەی ئەبرار نووسیویەتی: "وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا یاسای بەربەستی ڤیزایی ھاووڵاتیانی 38 وڵاتی جیھانی ھەڵوەشاندەوە، بە گوێرەی ئەو یاسایە ئەو كەسانەی لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا سەردانی سێ وڵاتی عێراق، سووریا و ئێرانیان كردووە، بۆیان نەبوو، بە بێ ڤیزای سەردانی ئەمریكا بكەن".

مەترسی پێكدادانی دوو شارستانییەت

رۆژنامەی ئیتلاعات نووسیویەتی: "ھانتینگتۆن (زانكۆیەك لە ئەمریكا) ساڵی 2014، پرۆژەی تیۆری پێكدادانی شارستانییەتی ھێنایە بەر باس و رایگەیاند، گرنگترین مەترسی دوای شەڕی سارد، وێككەوتنی دوو شارستانییەت و ئایدیۆڵوژی ئیسلامیی و رۆژئاواییە( مەسیحی – جوو ).

بەڵام زۆر كەس ئەو تیۆرییانە بە سەرەتایەك بۆ ھەڵگیرساندنی شەڕ ناوبرد. ھەندێكیش وەك سەرۆك كۆماری پێشووتری ئێران محەممەد خاتەمی، پرۆژەی گفتوگۆی شارستانییەتەكانی ھێنایە ئاراوە، ئەویش لە بەرامبەر پرۆژەی ھانتینگتۆندا بوو.

چین ھاوڕی و ھاوبەشی ئێران

لە گرووپی سیاسی رۆژنامەی ئەبراردا باسێك ورووژاوە، ئەویش ھاوكاری ئێران و چین بە تایبەت لە سەردەمی گەمارۆكانی سەر ئێران.

نووسەر لەو رۆژنامەیەدا، چینی بە ھاوبەشی ئەو گەمارۆیانەی سەر ئێران ناو بردووە و دەڵێت: "كاتێك زۆربەی وڵاتانی جیھان لە ژێر كاریگەری ئەمریكا و یەكێتی ئەورووپادا پەیوەندییە سیاسی، ئابووری و بازرگانییەكانیان لەگەڵ ئێران گەیاندبووە خاڵی سفر، چین پەیوەندی خۆی لەگەڵ ئێران پاراست و وەك ھابەشێكی سەرەكی ئێران لە گەمارۆكاندا لەگەڵی مایەوە.

پرسیار ئەوەیە دوای لابردنی گەمارۆكان ئایا چین ھەر وەكوو ھاوڕێ و پاڵپشتی ئێران لە مەیدانەكەدا دەمێنێتەوە؟