ئه‌ڵمانیا یاسایه‌ك بۆ په‌نابه‌ران په‌سه‌ند ده‌كات

"یاساكه‌ رێوشوێنی تؤمارى په‌نابه‌رێتیی خێراتر ده‌كات‌"

K24 – به‌رلین:

له‌ مانگی شوبات/فێبرایه‌ر2016، ده‌بێت په‌نابه‌ران له‌ ئه‌ڵمانیا، "به‌ڵگه‌نامه‌ی گه‌یشتن" یان "ناسنامه‌ی داوای په‌نابه‌ری" بۆ ئه‌و وڵاته‌یان هه‌بێت.

په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا یاسایه‌كی په‌سه‌ندكرد، په‌نابه‌رانی ئه‌و وڵاته‌ ناچار ده‌كات له‌ مانگی شوبات/فێبرایه‌ر2016، به‌ڵگه‌نامه‌ی گه‌یشتن یان ناسنامه‌ی په‌نابه‌رێتیان هه‌بێت، ئه‌و یاسایه‌ش له‌لایه‌ن وه‌زیری ناوخۆی ئه‌و وڵاته‌ پێشنیاركرابوو.

ئامانج له‌و یاسایه‌ خێراكردنی رێوشوێنه‌كانی داواكاری په‌نابه‌رێتییه‌، هه‌روه‌ها بۆ چاره‌سه‌ركردنی تۆماره‌كانی ئه‌وكه‌سانه‌یه‌ كه بۆ داواكاری په‌نابه‌رێتی‌ روویان له‌ ئه‌ڵمانیا كردووه‌.

پێش په‌سه‌ندكردنی ئه‌و یاسایه‌، پشێویه‌كی كارگێڕی له‌ پڕۆسه‌ی تۆماركردنی داتاكانی په‌نابه‌ران له‌ ئه‌ڵمانیا هه‌بوو، هه‌ریه‌كه‌ له‌ دامه‌زراوه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ زانیاری په‌نابه‌رانیان ئاماده‌ ده‌كرد، به‌مه‌ش هه‌ندێك كه‌س ناچار ده‌بوون بۆ ماوه‌یه‌كی دوور و درێژ چاوه‌ڕێ بكه‌ن تا ناویان وه‌ك په‌نابه‌ر تۆمار ده‌كرا.

ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌ڵمانیا رایانگه‌یاندووه‌: "بوونی ناسنامه‌ی داوای په‌نابه‌ری بۆ ئه‌ڵمانیا، گیروگرفته‌كان كه‌متر ده‌كه‌نه‌وه"‌.

به‌ گوێره‌ی یاسا نوێیه‌كه‌، تۆماری داتاكانی هه‌ر په‌نابه‌رێك به‌ شێوه‌یه‌كی خێرا له‌ سه‌نته‌ری سه‌ره‌كی وه‌رگرتنی په‌نابه‌ران ئاماده‌ ده‌كرێت،دواتر هه‌موو داموده‌زگاكانی تری ئه‌ڵمانیا له‌و زانیاریانه‌ی په‌نابه‌ران ئاگادارده‌كرێنه‌‌وه‌.  

زانیارییه‌ كه‌سییه‌كان و په‌نجه‌مۆر و ئه‌و وڵاته‌ی په‌نابه‌ره‌كه‌ی لێوه‌ هاتووه‌، له‌گه‌ڵ ژماره‌ی ته‌له‌فۆن و زانیارییه‌ ته‌ندروستییه‌كانی تۆمار ده‌كرێن، هه‌روه‌ها زانیارییه‌كانی تری تایبه‌ت به‌ شاره‌زایی و ئاستی خوێندن و ئاینی په‌نابه‌ره‌كه‌ش ده‌خرێته‌ نێو ئه‌و تۆماره‌وه‌.

 

سه‌رچاوه‌: ئاژانسه‌كان