سوننه به فه‌رمی داوای پارێزگاری نێوده‌وڵه‌تی له ی‌و ئێن كرد
"حكوومه‌تی عێراق نشووستی هێناوه له پاراستنی سوننه‌كان"
K24 – به‌غدا:
هاوپه‌یمانی هێزه عێراقییه‌كان كه كوتله سیاسییه‌كانی ناو ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی له خۆگرتووه، به فه‌رمی داوای له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كردووه هێزی نێوده‌وڵه‌تی پارێزگاری له پێكهاته‌ی سووننه بكات له دیاله.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا، هاوپه‌یمانی هێزه عێراقییه‌كان، ئاشكرایكردووه: "حكوومه‌تی عێراق نشووستی هێناوه له پاراستنی سووننه‌كان له دیاله، بۆیه داوای پارێزگاری نێوده‌وڵه‌تییان كردووه".
به گوێره‌ی به‌یاننامه‌كه: "حكوومه‌ت تاوانبارانی له دیاله، سه‌ڵاحه‌دین،ئه‌نبار و بابل سزا نه‌داوه، دیارده‌ی رفاندن و فڕێدانی ته‌رم له شه‌قامه‌كانی به‌غداش سه‌ریانهه‌ڵداوه‌ته‌وه".
هێزه عێراقییه‌كان حكوومه‌تی به سستی نواندن تۆمه‌تباركرد و رایگه‌یاند: "حكوومه‌ت سستی له راگه‌یاندنی ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه له تاوانی گرووپه‌كانی سه‌ر به حه‌شدی شه‌عبی نواندووه، دواهه‌مینیشیان تاوانی كوشتن و كۆچ پێكردنی هاووڵاتیان و ته‌قاندنه‌وه‌ی مزگه‌وته‌كان بوو له میقدادییه".
هاوپه‌یمانی سووننه‌كان داوایان له مه‌رجه‌عیه‌تی شیعه‌كان كرد: "به‌و فه‌توایه‌یاندا بچنه‌وه كه به‌هۆیه‌وه حه‌شدی شه‌عبی پێكهاتووه".
سه‌رچاوه: ئاژانسه‌كان