راپۆرتێك: یه‌كپارچه‌یی عێراق به‌ كۆتاییهاتنی داعش به‌ستراوه‌ته‌وه‌

هه‌رێمی كوردستان ئاگاداری ناوه‌ڕۆكی پلانه‌كانه‌

K24 - هه‌ولێر:

به‌ گوێره‌ی ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی به‌رده‌ست ئاژانسێكی هه‌واڵی ئێرانی نزیك له‌سوپای قودسی ئه‌و وڵاته‌ كه‌وتووه‌، واشنتۆن پرسی دابه‌شكردنی عێراق و سه‌ربه‌خۆیی كوردستانی به‌ له‌ناوبردنی داعش به‌ستووه‌ته‌وه‌.

ئاژانسی هه‌واڵی "ته‌سنیم"ی ئێرانی، له‌سه‌ر زاری چه‌ند سه‌رچاوه‌كه‌یه‌وه‌، كه‌ به‌ "سه‌رچاوه‌ی باڵا" وه‌سفیكردووه‌، بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، به‌گوێره‌ی ئه‌و "زانیارییه‌ وردانه‌ی" له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوودا له‌ واشنتۆنه‌وه‌، دزه‌یان كردووه‌، له‌و ماوه‌یه‌دا به‌ وردی چاودێری پرۆسه‌ی پاككردنه‌وه‌ی عێراق ده‌كرێت له‌ رێكخراوی داعش.

به‌ گوێره‌ی ئه‌و ئاژانسه‌، سه‌رچاوه‌كه‌ گوتوویه‌تی: "به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا له‌ ده‌زگای سی ئای ئه‌ی‌ و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ و لێژنه‌ی ئاسایش له‌ كۆنگرێس،  له‌ ماوه‌ی رابردوودا، چاوییان به‌ به‌رپرسه‌ جیاجیاكانی عێراق كه‌وتووه‌".

شوێنی چاوپێكه‌وتنه‌كانیش، له‌نده‌ن، هه‌ولێر، به‌غدا و عه‌مان بوونه‌ و له‌ میانه‌ی چاوپێكه‌وتنه‌كانیش ئه‌مه‌ریكییه‌كان به‌ به‌رپرسه‌ عێراقییه‌كانییان گوتووه‌، به‌ گوێره‌ی ئه‌و ره‌وشه‌ی ئێستای عێراق تێیدایه‌، ناتوانرێت ئه‌و وڵاته‌ به‌ یه‌كپارچه‌یی بمێنێته‌وه‌ و چیدیكه‌ فه‌رمانڕه‌وایی تێدا ناكرێت.

 

به‌ره‌و سێ هه‌رێم

ئاژانسی "ته‌سنیم"، له سه‌ر زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی كه‌ ناوه‌كه‌ی ئاشكرا نه‌كراوه‌، ده‌ڵێت: "قه‌بوڵكردنی سێ هه‌رێمی سه‌ره‌كی، له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا، مه‌رجی سه‌ره‌كییه‌ بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی داعش و پاككردنه‌وه‌ی بست به‌ستی خاكی وڵات و كۆتاییهێنان به‌ هه‌موو ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ لاوه‌كییانه‌ی كه‌ ئێستا جێگای ده‌سه‌ڵاتی به‌غدایان گرتووه‌ته‌وه‌، به‌تایبه‌تیش ئه‌و میلیشیا چه‌كدارانه‌ی له‌ژێر سه‌ركردایه‌تی و فه‌رمانڕه‌وایی ئێراندان".

راپۆرته‌كه‌ی ئاژانسی "ته‌سنیم" دوای كرده‌وه‌كانی پاكتاوی ره‌گه‌زیی دێت‌ له‌ پارێزگای دیاله‌، به‌تایبه‌تیش له‌ دژی مزگه‌وت و هاووڵاتییه‌ سووننییه‌كانی پارێزگاكه‌، هه‌روه‌ها تۆمه‌تباركردنی حه‌شدی شه‌عبی به‌ ئه‌نجامدانی ئه‌و كاره‌.

له‌ درێژه‌ی راپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌: "واشنتۆن به‌ به‌رپرسان و سیاسه‌تمه‌داره‌كانی عێراقی گوتووه‌، پێویسته‌ له‌سه‌ریان كێشه‌ و ململانێكانی نێوانییان له‌سه‌ر ئاستی كه‌س و كوتله‌كان یه‌كلابكه‌نه‌وه‌ و له‌سه‌ر بنه‌ما هاوبه‌شه‌كانی پێكه‌وه‌ژیان له‌ عێراق رێكبكه‌ون".

 

پارێزگاریكردنی له‌ عێراق

هه‌روه‌ها تێیدا هاتووه‌: "عێراق به‌ یه‌ك وڵات ده‌مێنێته‌وه‌، به‌ڵام لامه‌ركه‌زی ده‌بێت و هه‌رێمه‌كانیش ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتییان ده‌بێت و نیمچه‌ سه‌ربه‌خۆ ده‌بن، به‌تایبه‌تیش له‌ رووی ئابووری، وه‌به‌رهێنان، كاروباری ده‌ره‌وه‌ و كاروباری تایبه‌ت به‌ كۆمه‌ڵگا ناوخۆییه‌كان".

به‌ گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كانی راپۆرته‌كه‌ی ئاژانسی "ته‌سنیم"، سه‌رنج خراوه‌ته‌ سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ سه‌ره‌كییه‌كان، به‌تایبه‌تیش ده‌ستێوه‌ردانه‌كانی ئێران و هه‌ژموونی ئه‌و وڵاته‌ به‌سه‌ر عێراق.

واشنتۆن به‌ڵێنیداوه‌، پارێزگاری له‌ حوكمی فیدراڵی له‌ عێراقی نوێدا بكات و له‌ ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تیشدا، پاڵپشتی حه‌یده‌ر عه‌بادی وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بكرێت و نموونه‌یه‌كی ده‌سه‌ڵاتداری هاوشێوه‌ی "سویسرا" له‌ عێراق دووباره‌ بكاته‌وه‌.

هه‌روه‌ها عێراق به‌ ناوچه‌یه‌كی ستراتیژی نمره‌ یه‌ك داده‌نرێت و ئاسایشی عێراقیش به‌ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا ده‌به‌سترێته‌وه‌، هه‌روه‌ها ئێرانیش ئاگادارده‌كرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كان به‌فه‌رمی بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سنووره‌كانی به‌ر له‌ 2003.

بڕیاریشه‌ تاكه‌ نوێنه‌رایه‌تی ئێران له‌ عێراقدا، له‌ رێگای نوێنه‌رایه‌تی كۆنسووڵگه‌ری بێت له‌ به‌غدا، هه‌روه‌ك نوێنه‌رایه‌تی كۆنسوڵخانه‌ی عێراق له‌ تاران.

راپۆرته‌كه‌ "ته‌سنیم" ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ سیاسییه‌ عێراقییه‌كان، سه‌رقاڵی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ناونانی هه‌رێمه‌كانه‌، هه‌رچه‌نده‌ هیچ كێشه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ ناوی هه‌رێمی "كوردستان"دا نییه‌، به‌ڵام نایه‌وێت دوو هه‌رێمه‌كه‌ی دیكه‌ به‌ هه‌رێمه‌كانی "سووننه‌" و "شیعه‌" ناوبنرێن.

 

ئازادكردنی موسڵ

هه‌ر له‌و راپۆرته‌ی ئاژانسه‌ ئێرانییه‌كه‌دا هاتووه‌، "پلانی ئازادكردنی موسڵ ئاماده‌یه‌ و له‌ ماوه‌یه‌كی زۆر كورتدا جێبه‌جێ ده‌كرێت"، به‌گوێره‌ی ئاژانسی "ته‌سنیم"، "هه‌رێمی كوردستان ئاگاداری ته‌واوی ورده‌كاری پلانه‌كه‌یه‌ له‌ رووی سیاسی و سه‌ربازی، كه‌ واشنتۆن ده‌یه‌وێت پارێزگاری له‌ یه‌كپارچه‌یی عێراق بكات له‌ چوارچێوه‌ی سێ هه‌رێمی نیمچه‌ سه‌ربه‌خۆ و دانانی پایته‌ختی فیدراڵی كه‌ به‌ هه‌ردوو پیتی CFی ئینگلیزی له‌ پلانه‌كاندا ئاماژه‌ی بۆ كراوه‌".

ئاژانسی "ته‌سنیم" روونیشی كردووه‌ته‌وه‌، سه‌رجه‌م وڵاتانی عه‌ره‌بی له‌ نه‌خشه‌ی نوێی عێراق له‌ دوای داعش ئاگاداركراونه‌ته‌وه‌ و له‌ماوه‌یه‌كی كورتیشدا، پردێكی ئاسمانی بۆ گه‌یاندنی هاوكاری جگه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان، بۆ هه‌رێمی سووننه‌ دروست ده‌كرێت، بۆ ئه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووری بنیات بنرێته‌وه‌، كه‌ له‌ ئێستادا به‌ هۆی شه‌ڕه‌وه‌ وێران بووه‌".

هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و به‌رپرسه‌ باڵا وسه‌رچاوانه‌ی ئاژانسی "ته‌سنیم" له‌ راپۆرته‌كه‌یدا پشتی پێبه‌ستوون ئاشكرا نه‌كراون، به‌ڵام رایانگه‌یاندووه‌، له‌سه‌ر لادانی چه‌ند كه‌سێك و ده‌موچاوێكی كۆنیش پێكهاتوون، كه‌ له‌ماوه‌ی 10 ساڵی رابردوودا له‌ عێراق وه‌ك كه‌سایه‌تی سیاسی هه‌ژمان كراون و به‌ ده‌موچاو و كه‌سانی دیكه‌ی نوێ ده‌گۆڕدرێن.