لە ناوچەی سوورى ئامهد ھاتووچۆ قهدهغه كرا
وەزیری ناوخۆی توركیا: لە ماوەی ھەفتەیەك قەدەغەی ھاتووچۆ تەواو دەبێت

K24 - ئامەد:
قائیمقامییەتی ناوچەی سوورى شارى ئامهد له باكوورى كوردستان قەدەغەی ھاتووچۆی لە تەواوی ناوچەی سوور راگەیاند، وەزیری ناوخۆی توركیاش ئەوەی خستەڕوو لە ماوەی ھەفتەیەكدا قەدەغەكردنی ھاتووچۆ كۆتایی دێت.
لە راگەیاندراوێكدا قائیمقامیەتی ناوچەی سوور لە شاری ئامەدی باكووری كوردستان رایگەیاند: "لە ئەمڕۆوە ھاتووچۆ لە سەرجەم كۆڵان و گەڕەكەكانی ناوچەی سووری ئامەد قەدەغە دەكرێت".
راگەیهندراوەكە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە : "ئەو گەڕەكانەی پێشتر ھاتووچۆیان تێدا ئاسایی بوو ئەوانیش ھاتووچۆ لێیان قەدەغە دەكرێت، ھەر یەك لە گەڕەكەكانی ئیسکەندەر پاشا، جامی کەبیر، نەبی جامی، مهليك ئەحمەد، بە تەوای ھاتووچۆیان لێ قەدەغە دەكرێت".
ھەر لەو بارەوە ئەفكان ئالا، وەزیری ناوخۆی توركیا لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە: قەدەغەی ھاتووچۆ لە ماوەی چەند رۆژێكدا لە ناوچەی جزیر كۆتایی پێدێت، ھەروەھا لە ناوچەی سووریش لە ھەفتەیەكدا ھاتووچۆ ئاسایی دەبێتەوە".
قەدەغەكردنی ھاتووچۆ لە تەواوی گەڕەكەكانی ناوچەی سوور لە لایەن حكوومەتی توركیا، لە كاتێكدا رۆژانە شەڕ لە ناو شارەكانی باكووری كوردستان لە نێوان سوپا و گەنجانی نزیك لە پەكەكە روودەدات، زیاتر لە دوو مانگیشە لە زۆربەی گەڕەكەكانی ناوچەی سوور ھاتووچۆ قەدەغەیە، حكوومەتی توركیا دەیەوێت بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن ئەو گەنجانە بێدەنگ بكات و خەندەكەكانیش پڕ بكاتەوە كە وەك رێگری لە ئۆتۆمبێلەكانی سوپا لە لایەن ئەو گەنجانە لێدران.