گوته‌بێژى گۆڕان: دڵنیایيمان وه‌رگرتووه
حكوومه‌ت و په‌رله‌مان كارا ده‌كرێنه‌وه

K24 ـ سلێمانی:
بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان رایگه‌یاند، دڵنیاییان له پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌رگرتووه به گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و وه‌زیره‌كانی گۆڕان بۆ سه‌ر كاره‌كانیان.
شۆڕش حاجی گوته‌بێژی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به كوردستان 24 ی راگه‌یاند، ئه‌وان دڵنیاییان له پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌رگرتووه به گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان بۆ سه‌ركاره‌كه‌ی و گه‌ڕانه‌وه‌ی وه‌زیره‌كانی گۆڕان بۆ كاره‌كانیان له حكوومه‌تی هه‌رێم.
له درێژه‌ی سه‌ردانه‌كانیان بۆ لای لایه‌نه سیاسییه‌كان،ئه‌مڕۆ 3ى شوبات/ فێبرایه‌ری 2016، كۆمیته‌ی ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی په‌رله‌مان و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی ده‌كه‌ن له سلێمانی.
له پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ریه‌ك له رۆژ نوری شاوه‌یس و مه‌حموود محه‌ممه‌د ئه‌ندامی شانده‌كه‌ن و برياره كاتژمێر 11:00 پیش نیوه‌ڕۆ له ماڵی نه‌وشیروان مسته‌فا رێكخه‌ری گشتیی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كۆده‌بنه‌وه.
به گوێره‌ى زانيارييه‌كانى ماڵپه‌ڕى كوردستان 24، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان دوو پاكێجی چاكسازی كه تایبه‌ته به "چاكسازی ئیداری و سیاسی" راده‌ستی شانده‌كه بكات.
دواتر شانده‌كه بڕیاره كاتژمێر 03:00ى دوای نیوه‌ڕۆ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵی ئیسلامی كۆببێته‌وه.
سه‌باره‌ت به گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و وه‌زیره‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ سه‌ر كاره‌كانیان، سه‌رچاوه‌يه‌كى به‌رپرس له بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان به ماڵپه‌ڕى كوردستان 24ى راگه‌ياند، ئه‌مڕۆ هیچ بڕیارێك نادرێت.
شۆڕش حاجى، گوته‌بێژى بزووتنه‌وه‌كه، ئه‌و زانيارييه‌ى پشتڕاستكرده‌وه و ته‌نيا ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه كرد، له لايه‌ن پارتيى ديموكراتى كوردستانه‌وه دڵنيا كراونه‌ته‌وه.