ژماره‌یه‌ك فڕۆكه‌ی ئێف-16 گه‌یشتنه عێراق

K24 – به‌غدا:
وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق رایگه‌یاند ئه‌مڕۆ وه‌جبه‌یه‌كی تازه‌ی فڕۆكه‌ی ئێف-16 ئه‌مریكا گه‌یشتووه‌ته بنكه‌یه‌كی هێزیی ئاسمانی عێراق، روونیشیكرده‌وه گه‌یشتنی ئه‌و وه‌جبه‌یه به‌شێكه له چه‌ند وه‌جبه‌یه‌كی دیكه كه له داهاتوویه‌كی نزیكدا ده‌گه‌نه عێراق.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق گوتی: "نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ فه‌ریق روكن ئه‌نوه‌ر حه‌مه‌ئه‌مین فه‌رمانده‌ی هێزی ئاسمانی عێراق، له یه‌كێك له بنكه ئاسمانییه‌كان, ئاماده‌ی گه‌یشتنی ئه‌و وه‌جبه تازه‌یه‌ی فڕۆكه‌ی ئێف-16 بووه".
وه‌زاره‌تی به‌رگری روونیكرده‌وه: "ئه‌و وه‌جبه‌یه یه‌كێكه له‌و چه‌ند وه‌جبه‌یه‌ی فڕۆكه‌ی ئێف-16 كه به‌منزیكانه ده‌گه‌نه عێراق بۆ ته‌واوكردنی گرێبه‌سته‌كه‌ی كه له نێوان كۆماری عێراق و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا واژوو كراوه".
پێشتر وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق رایگه‌یاندبوو، گرێبه‌ستی كڕینی 36 فڕۆكه‌ی ئێف-16 له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا واژووكردووه، پاشان ئاماژه‌ی به‌وه‌دا بۆ پاراستنی ئاسمانی وڵات نیازی هه‌یه ژماره‌ی ئه‌و فڕۆكانه زیاتر بكات.