حدك كۆنگره‌ سازده‌كات و كوردستان 24 مژارى سه‌ره‌كى كۆنگره‌كه‌ ده‌خاته‌ڕوو

كوردستان 24 زانیویەتی كە لەكۆنفرانسەكانی پێش كۆنگرە بەشێكی زۆر لە كادیرەكانی ئەو حزبە ھۆلی كۆبوونەوەكانیان وەكوو نارەزایی دەڕبرین بەجێھێشتووە.

K24- ھەولیر:

ئەمڕۆ كۆنگرەی شازدەیەمی حزبی دیموكراتی كوردستان دەستپێدەكات، ئەوە سێیەم كۆنگره‌ی دوای جیابوونەوەیانە لە حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و پرسی سەرەكی لەو كۆنگرەیەدا یەكلایی كردنەوەی پۆستی سكرتێری ئەوحزبەیە.

‌حزبی دیموكراتی كوردستان 9 ساڵ بەر لە ئێستا لە حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران جیابووەوە، لەیەكەم كۆنگرەیدا خالید عەزیزی وەكوو گوتەبێژی ئەو حزبە دیاریكرد. ئێستا لەكۆنگرەی شازدەیەمی حدك-دا كە سێیەم كۆنگرەی دوای جیابوونەوەیە، دوو ڕا لەناو حزبدا بۆ یەكلاكردنەوەی سكرتێری حزبی دیموكراتی كوردستان ھەن. زۆرینەی ئەو حزبە لەسەر ئەو بڕوایەن خالید عەزیزی وەكوو سكرتێر بمێنێتەوە، تەنانەت كوردستان 24 زانیویەتی كە لەكۆنفرانسەكانی پێش كۆنگرەدا بەشێكی زۆر لە كادیرەكانی ئەو حزبە ھۆڵى كۆبوونەوەكانیان وەكوو ناڕەزایی دەربڕین بەجێھێشتووە و داوایان كردووە خالید عەزیزی دڵنیایان بكاتەوە، وەكوو سكرتێر دەمێنێتەوە.

بەڵام عەزیزی پێی راگەیاندوون كە پەيڕە و پرۆگرامی حزب پێشێل ناكات و چیتر خۆی بۆ سكرتێر كاندید ناكاتەوە.

بە گوێرەی زانیارییەكانی كوردستان 24 ئەندامانی حدك كە لەگەڵ مانەوەی خالید عەزیزین بەسەر دوو دەستەدا دابەشكراون، ھەندێكیان پێیانوایە عەزیزی لە چوار ساڵی یەكەمدا وەكوو حاڵەتێكی نائاسایی گوتەبێژی حزب بووە و چونكە سیفەتی سكرتێری نەبووە، دەتوانێت لەو كۆنگرەیەشدا خۆی كاندید بكاتەوە، ھەندێكی دیكەش لەسەر ئەو بڕوایەن پێویست ناكات خۆیان بە په‌يڕە و پرۆگرام ببەستنەوە و پێویستە لەكۆنگرەدا دەستكاری ئەو بڕگەیە بكرێت و خالیدی عەزیزی بكرێتەوە سكرتێر. لەگەڵ ئەوانەش ھەندێك كەس ھەن كە پێیانوایە كەسی دیكەش ھەیە، بتوانێت سكرتێریی حزبی دیموكراتی كوردستان بكات، بەڵام كەمینەن.

لە دوای جیابوونەوەی حزبی دیموكراتی كوردستان لە حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە ساڵی ٢٠٠٦دا، هەردوو حزب لەلایەن زۆرینەی هاووڵاتییانی رۆژهەڵاتەوە كەوتنە بەر رەخنە  و چەند ساڵێك دوای ئەو رووداوە چەندینجار هەوڵی لەیەك نزیكبوونەوە و یەكگرتنەوە لە هەردوولاوە دراوە و  یەكگرتنەوەی دوو حزب بووە بە ئامانجی سەرەكیی سەركردایەتیی دیموكراتەكان.

شازدەھەمین كۆنگرەی حزبی دیموكراتی كوردستان لەكاتێكدا بەڕێوەدەچێت، كە چەند مانگ بەر لەدەستپێكی باسی یەكگرتنەوەی دیموكراتەكان گەرم بوو، بەڵام ھەوڵەكان سەری نەگرت و بەستنی كۆنگرەی حدك-یش ئاماژه‌يه‌كه‌ بۆ سەرنەكەوتنی گفتوگۆكانی یەكگرتنەوەیە، چونكە بڕیار بوو كۆنگرەی شازدەیەم، كۆنگرەیەكی ھاوبەش بێت.

ئا: له‌يلا قادرى

Fly Erbil Advertisment