پزشك و كارمەندانی نەخۆشخانەی لەدایكبوون لەمانگرتن بەردەوامن
كارمەندانی بەشەكانی فریاكەوتن و بەشی نەشتەرگەریش بڕیاریانداوە، ئەگەر ئەم ئێوارێیە وەزارەتی تەندرووستی و حكوومەت وەڵامیان نەدەنەوە، بایكۆتی بەشەكانیان دەكەن.

K24 – ھەولێر:
پزشك كارمەندانی نەخۆشخانەی لەدایكبوون و منداڵانی ھەولێر بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین له بهرامبهر خشتەی نوێ مووچە لە دوێنێوە مانگرتنیان راگەیاندووە و ھەڕەشەی بایكۆتكردنی سەرجەم بەشەكانی نەخۆشخانەكە دەكەن.
لە لێدوانێكی تایبەت بە كوردستان 24، بەڕێوبەری نەخۆشخانەی لەدایكبوون و منداڵان، دكتۆر خاوەر ئەحمەد مستەفا، رایگەیاند: "جیا لە بەشەكانی فریاكەوتن وەكوو بەشی منداڵبوون و ژووری نەشتەرگەری، پزشك و كارمەندانی سەرجەم بەشەكانی دیكەی نەخۆشخانە لە دوێنێوە بە مەبەستی ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بە خشتەی مووچە و كەمبوونەوەی رێژەیەكی بەرچاو لە مووچەكانیان بایكۆتی كارەكانیان كردووە".
دكتۆر خاوەر گوتی: "بێگۆمان بایكۆتكردنی شوێنێكی وەكوو نەخۆشخانەی لەدایكبوون و منداڵان كاریگەری راستەوخۆی لەسەر ژیانی ھاووڵاتیان و نەخۆشەكان ھەیە، بەڵام كارمەندانی نەخۆشخانەش كێشەی خۆیان ھەیە، تەنانەت لە دوێنێوە بەشێك لە كارمەندانی نەخۆشخانە نەھاتوونەتەوە"
بەرێوبەری نەخۆشخانەی لەدایكبوون و منداڵان گوتیشی: "كارمەندانی بەشەكانی فریاكەوتن و بەشی نەشتەرگەریش بڕیاریانداوە، ئەگەر ئەم ئێوارێیە وەزارەتی تەندرووستی و حكوومەت وەڵامیان نەدەنەوە، بایكۆتی كارەكانیان دەكەن".
راگەیاندنی خشتەی نوێی مووچە لەلایەن حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ناڕەزایەتی كارمەندانی ھەرێمی كوردستانی لێكەوتەوە.