ئێران: ھەڵمەتی سەربازیی ھەندێك وڵات لە سووریا تەنیا دروشمە

محەممەد جەواد زەریف: خەڵكی سووریا پێویستیان بە دەمڕاست نییە و خۆیان دەتوانن بڕیار بدەن

K24- ھەولێر:

محەممەد جەواد زەریف، وەزیرەی دەرەوی ئێران، سەبارەت بە ئەگەری ئەنجامدانی ھەڵمەتی سەربازیی لە لایەن چەند وڵاتێکەوە لە سووریا رایگەیاند، ئەو گوتانە زیاتر لە دروشم دەچن.

بەگوێرەی راپۆرتێكی ئاژانسی ئیسنای ئێران، وەزیری دەرەوەی ئێران لە برۆكسل رایگەیاند: "توانای وڵاتەکان روون و ئاشكران، بۆیە  پروپاگەندەی ھەندێك وڵات لەبارەی ناردنی ھێز بۆ سووریا نەك ھەر كێشەكان چارە ناكەن، بەڵكوو دەبنە ھۆی ئاڵۆزبوونی كێشەكان و مەترسییان لێدەكەوێتەوە".

زەریف جەختی كردەوە: "خەڵكی سووریا پێویستیان بە دەمڕاست نییە و خۆیان دەتوانن بڕیار بدەن".

ھەرچەندە وەزیری دەرەوەی ئێران لە گوتەكانیدا ناوی ھیچ وڵاتێكی نەھێنا، بەڵام بەمدواییانە توركیا و سعودییە رایانگەیاند کە بە نیازن لە سووریا بە دژی داعش ھەڵمەتێكی سەربازیی ھاوبەش دەستپێبكەن.

هەر لەمبارەوە فەرماندەیەکی باڵای ھێزی سەربازیی سعودییە جەختی كردەوە كە وڵاتەكی چەندین فڕۆكەی جەنگیی خۆی بەمەبەستی ھێرشكردنە سەر داعش لە فڕۆكەخانەی سەربازیی ئینجەرلیك لە توركیا جێگیر كردوون. ئەمە لە كاتێكدایە پێشتر سعودییە گوتی: "ئامادەییە ھێزی سەربازیی رەوانەی سووریا بكات".

ئێران و سعودییە لەبارەی پرسی سووریا دژی یەكدین و پچڕانی پەیوەندییەكانی ئەو دوو وڵاتە كێشەی نێوانیانی ئاڵۆزتر كردووە.

تاران و ریاز سەبارەت بە قەیران و شەڕی ناوخۆی یەمەنیش ناكۆكییان ھەیە. ھاوكات ئێران و توركیا لەسەر پرسی سووریا ناكۆكن و بەرپرسانی ئێران سەبارەت بە پەیوەندیی ئەنقەرە و ریاز ھۆشدارییان داوە.

ھەفتەی رابردوو، ئیبراھیم رەحیمپوور، جێگری بەرپرسی پەیوەندییەكانی ئێران و وڵاتانی ئاسیا لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران كە بەمەستی گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی توركیا سەردانی ئەو وڵاتەی كردبوو، لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ رۆژنامەی (حورییەت) رەخنەی لە پەیوەندیی دۆستانەی سعودییە و توركیا گرت و بە بەرپرسانی ئەو وڵاتەی گوت: "وریابن لەگەڵ سعودییە گرەو لەسەر دۆران نەكەن".

بەرپرسانی ئێران بەردەوام دەڵێن: "لەسەر داوای حكوومەتی یاسایی سووریا و بەمەبەستی پێشکەشکردنی راوێژی سەربازیی ھێزیان رەوانەی ئەو وڵاتە كردووە". بەڵام ھەندێك لە وڵاتانی ناوچەكە و وڵاتانی ئەوروپایی ئەو گوتانەی ئێران رەتدەكانەوە.

و: لەیلا قادریی

Fly Erbil Advertisment