زەمینەلەرزەیەك دەربەندیخانی ھەژاند

"دانیشتوانی دەربەندیخان ھەستیان پێكردووە"

K24- ھەولێر:

بەڕێوەبەری كەشناسیی و بومەلەرزەزانیی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، زەمینە لەرزەیەك شارۆچكەی دەربەندیخانی لە باشوری کوردستان ھەژاند.

فازڵ ئێبراھیم، بەڕێوەبەری كەشناسیی و بومەلەرزەزانیی ھەرێمی كوردستان بە ماڵپەڕی (كوردستان24)ی راگەیاند: "كاتژمێر 5:40 خوولەكی بەیانی ئەمڕۆ بوومەلەرزەیەک ناوچەیەکی بە دووری 10 كیلۆمەتر لە رۆژئاوای شارۆچكەی دەربەندیخان ھەژاند".

بەڕێوەبەری كەشناسیی و بومەلەرزەزانیی ھەرێمی كوردستان گوتیشی: "ئەو بوومەلەرزەیەی ئەمڕۆ دەربەندیخانی ھەژاندووە بە گوڕی 3.3 پلەی پێوەری رێختەر بووە و دانیشتوانی دەربەندیخان ھەستیان پێكردووە، خۆشبەختانە ھیچ زیانی گیانیی و ماڵی لێ نەكەوتووەتەوە".

شارۆچكەی دەربەندیخان بە دووری 68 كیلۆمەتر دەكەوێتە باشووری رۆژھەڵاتی شاری سلێمانییەوە، بەگوتەی شارەزایانی كەشناسیی بەهۆی ھەڵكەوتەی جوگرافیی، ئەگەری روودانی زەمینەلەرزە لە دەربەندیخان زیاترە بە بەراورد لەگەڵ شارەکانی دیكەی باشووری كوردستان، بەوپێیەی دەربەندیخان ھاوسنوورە لەگەڵ ئێران، كە یەكێكە لەو وڵاتانەی زۆر زەمینەلەرزە دەیھەژێنێ.