شاندی ھەرێمی كوردستان گەیشتە بەغدا

هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارێکی حکوومەتی عێراق دەدەن لەبارەی رێگەرگرتن لە هەناردەکردنی بەرهەمێکی هەرێمی کوردستان بۆ پارێزگاکانی عێراق

K24 - ھەولێر:

بۆ گفتوگۆ كردن لەسەر گرفتی رێگریكردن لە ھەناردەی بەرھەمی پەلەوەری ھەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، كەمێك پێش ئێستا شاندێكی ھەرێمی كوردستان گەیشتە بەغدا.

عەبدولستار مەجید، وەزیری كشتوكاڵ و سەچاوەكانی ئاوی حكوومەتەی ھەرێمی كوردستان بە ماڵپەڕی (كوردستان24)ی راگەیاند: "كەمێك پێش ئێستا شاندی ھەرێمی كوردستان گەیشتە بەغدا و لەگەڵ لیژنەی باڵای روبەرووبوونەوەی ئەنفلۆنزای باڵندەی عێراقی کۆدەبینەوە، بە مەبەستی بڕیاری قەدەغەی ھەناردەی بەرھەمی پەلەوەریی ھەرێم بۆ شارەکانی عێراق ھەڵبەوەشێننەوە".

گوتیشی: "جگە لە خۆم وەك وەزیری كشتوكاڵ، وەزیری تەندروستی و بەڕێوەبەرێكی گشتی بەشدارن لە شاندی ھەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا".

ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "بەدواداچوون بۆ پارەی گەنمی دووساڵی رابردووی جوتیارانی ھەرێمی كوردستان دەكەین كە تا ئێستا خەرج نەكراوە، ھەوڵی جیدی دەدەین بۆ ئەوەی وەزارەتی بازرگانی عێراق پارەی گەنمی جوتیاران خەرج بکات".

ئەم سەردانەی شاندی ھەرێمی كوردستان بۆ بەغدا دوای ئەوە ھات، ماوەیەك لەمەوبەر بە بیانووی بوونی حاڵەتی ئەنفلۆنزای باڵندە، بەغدا بڕیاریدا بەرھەمی پەلەوەری ھەرێمی كوردستان ھەناردەی بەغدا نەكرێت، ئەمەش وایكرد ھەرێمی كوردستان بیر لە كاردانەوە بكاتەوە بەرامبەر بەو بڕیارە.

پێشتر وەزیری كشتوكاڵی ھەرێمی كوردستان رایگەیاندبوو، بڕیارەكەی بەغدا سزای سیاسییە و ئەگەر بەردەوام بێت لەسەر ئەو سیاسەتە لە بەرامبەردا بڕی پێدانی ئاو بە بەغدا كەم دەكەینەوە.