کۆمکاری عەرەبیی: بوونی ئاوارەکان ئابووریی کوردستانی سەختر کردووە
"تێبینیەكانی خۆم دەگەینمە لایەنی پەیوەندیدار بۆ ئەوەی ھاوكاریی ھەرێمی كوردستان بكەن"
K24- ھەولێر:
ھاتنی وەرزی زستان ژیانی ئاوارەكانی سەختر كردووە، ئێستا ھەرێمی كوردستان سەرەڕای قەیرانی دارایی ژمارەیەكی زۆری ئاوارەی لە خۆگرتووە، ئێستا نوێنەری كۆمكاری عەرەبیی لە ھەرێمی كوردستانە بۆ لێكۆڵینەوە لە رەوشی ئاوارەكان.
شەڕی داعش وایكرد ژمارەیەكی زۆر ھاوڵاتیانی نێوخۆی عێراق و سووریا روو لە ھەرێمی كوردستان بكەن.
نوێنەری كۆمكاری عەرەبیی لەمبارەوە رایگەیاند: "كۆمكاری عەرەبیی بۆ چاودێریكردنی پەنابەران و كۆچبەران ھەمیشە سەردانی ئاوارەكان دەكات، ئێمە دەزانین بارودۆخی ھەرێمی كوردستان لە رووی ئابوورییەوە سەختە، ھەبوونی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە دۆخەكەی سەختر كردووە، ئاوارەكان بوونەتە بارگرانیی بۆ سەر حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، من تێبینیەكانی خۆم دەگەینمە لایەنی پەیوەندیدار بۆ ئەوەی ھاوكاریی ھەرێمی كوردستان بكەن".
موسا ئەحمەد، جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەڵێ: "پێداویستییە سەرەتاییەكان و شوێنی نیشتەجێبوون بۆ ھەزاران ئاوارەی باکوور و ناوەڕاستی عێراق و ئاوارەكانی سووریا و رۆژئاوای كوردستان كە بەھۆی شەڕی داعش ئاوارەی ھەرێمی كوردستان بوونە دابینكراوە".
ئامادەكردنی: شنۆ محەممەد