وەزیری خوێندنی باڵا: خوێندنى ماستەر و دکتۆرا دەستپێدەكاتەوە
"لە داهاتوویەکى نزیکدا دەتوانین بودجەى خۆمان دابین بکەین و هاریکاریى حکومەتیش بکەین"

K24 – ھەولێر:
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستىی، دكتۆر یوسف گۆران راگەیاند، مانگى ئەیلولى داهاتوەوە لە زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان خوێندنى باڵای ماستەر و دکتۆرا دەستپێدەکاتەوە خوێندنەکەش بە سیستەمى پارالێڵ دەبێت.
دكتۆر یوسف گۆران ئاماژەى بە راپۆرتى لێژنەى چۆنێتى زیادکردنى داهات لە زانکۆ و دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان کرد و گوتى: "هەنگاوەکانى ئامادەکردنى ئەو راپۆرتە لە قۆناغى کۆتاییدایە و لە ئەنجوومەنى وەزیرانیش لەگەڵ لێژنەى تایبەتمەند گفتوگۆى لەبارەوە کراەوە".
یوسف گۆران گوتیشی: "ئەو راپۆرتە بە یەكێك لە هەنگاوە باشەکانی وەزارەتەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان ھەژمار دەكرێت".
وەزیرى خوێندنى باڵا ئەوەشی خستەڕوو: "بەگوێرەی خەمڵاندنەکانى وەزارەتی خوێندنی باڵا لە داهاتوویەکى نزیکدا سەرەڕای ئەوەی وەزارەتەکەمان دەتوانێت بودجەى خۆى دابین بکات، ھاوكات دەتوانێت هاریکارى حکومەتیش بکات".
دكتۆر یوسف گۆران ئەوەشى بە دەستکەوتێکى گرنگ بۆ زیاتر سەربەخۆکردنى زانکۆکان ناوبرد.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا جەختى لەسەر ئەوە کردەوە: "دەبێت دەرفەتى باشتر بۆ خوازیارانى خوێندنى باڵا بڕخسێنین بۆ ئەوەى لە کوردستان بخوێنن و چیتر داهاتى هەرێمى کوردستان بۆ خوێندن نەچێتە دەرەوە".
ھەروەھا گوتیشی: "پێویستە کارئاسانىی بکەین بۆ ئەوەى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان خوێندکارى بیانى وەربگرن و لێرە درێژە بەخوێندن بدەن، چونكە ھاتنی خوێندكاری بیانی بۆ ھەرێمی كوردستان خزمەت بە بوژاندنەوەى ژێرخانى ئابووریى هەرێمى کوردستان دەكات".
هەر لەو کۆبونەوەیەدا دكتۆر یوسف گۆران ئاماژەی بەوەدا: "لە پێناو کارئاسانیکردن بۆ خوێندکاران و خوازیارانى خوێندنى باڵا بڕیارماندا خوێندنى باڵای ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٦-٢٠١٧) بكەینەوە".
رونیشیکردەوە: "خویندنەکە بەشێوەى سیستمى پارالێڵ دەبێت و ھاوكات فەرمانبەرانی دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا و وەزارەتەکانى دیکەش دەتوانن درێژە بە خوێندن لەو بەشەدا بدەن".
وەزیرى خوێندنى باڵا راوێژکاران و بەڕێوبەرە گشتییەکانى ئەو وەزارەتى راسپاردووە پێداچوونەوە بە مەرج و رێنماییەکان بكەن و لە ئایندەیەکى نزیکدا دواى پەسندکردنى لە لایەن ئەنجوومەنى وەزارەتەوە بڵاوبکرێتەوە.
لەو چوارچێوەیەشدا داواى لە خوازیارانى خوێندنى باڵای ماستەر و دکتۆرا کرد کە خۆیان ئامادە بکەن بە تایبەت ئەوەى پەیوەستە بەئاستى زمانى ئینگلیزیی.
داڕشتنەوە: لەیلا قادریی