"25 ئۆتۆمبێلی سه‌ربازیی" عێراق گه‌یشتنە میحوه‌ری مه‌خمور
"لە چوارچێوەی ئاماده‌كارییەکانە بۆ رزگاركردنی مووسڵ"

K24ـ هه‌ولێر
به‌رپرسی میحوه‌ری مه‌خمووری هێزی پێشمه‌رگه رایگه‌یاند، شه‌وی رابردوو 25 ئۆتۆمبێلی سه‌ربازیی فیرقه‌ی 15 ی سوپای عێراق گه‌یشتنه سنووری شارۆچكه‌كه.
نه‌جات عه‌لی، به‌رپرسی میحوه‌ری مه‌خمووری هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به ماڵپه‌ڕی (كوردستان24)ی راگه‌یاند: "له چوارچێوه‌ی ئاماده‌كارییه‌كان بۆ رزگاركردنی شاری مووسڵ، شه‌وی رابردوو 25 ئۆتۆمبێلی سه‌ربازیی سه‌ر به فیرقه‌ی 15ی سوپای عێراق گه‌یشتنه مه‌خموور".
به‌رپرسی میحوه‌ری مه‌خموور ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد: "ئامانج له هاتنی ئه‌و هێزه بۆ ته‌واوكردنی ژماره‌ی فیرقه‌ی 15ی سوپای عێراقه و بڕیار وابوو له‌م مانگه‌دا سه‌رجه‌م هێزه‌كه بگاته مه‌خموور، به‌ڵام تاكوو ئێستا ئه‌و هێزه به‌ته‌واوی نه‌گه‌یشتوون".
له‌باره‌ی ئاگاداریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌تایبه‌تی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له هاتنی ئه‌و هێزه‌ی سوپای عێراق، نه‌جات عه‌لی گوتی: "ئێمه ژووری عه‌مه‌لیاتمان هه‌یه و هه‌ماهه‌نگیی ته‌واومان هه‌یه له‌گه‌ڵ سوپای عێراق له‌و سنووره".
سه‌باره‌ت به كاتی ده‌ستپێكردنی هێرشكردن بۆ سه‌ر چه‌كدارانی داعش له شارەدێی گه‌یاره‌ی سه‌ربه پارێزگای نه‌ینه‌وا، نه‌جات عه‌لی گوتی: "ئه‌وه په‌یوه‌ندیی به هاوپه‌یمانان و حكوومه‌تی عیراقه‌وه هه‌یه".
ئه‌مه له كاتێكدایه، راگه‌یاندنه‌كانی عێراق بڵاویانكردووه‌ته‌وه كه دوێنێ یه‌كشه‌ممه 21/2/2016، 40 ئۆتۆمبێلی سه‌ربازیی پڕ له سه‌رباز و پێداویستیی جه‌نگیی سه‌ر به لیوای 71ی فیرقه‌ی 15 له سوپای عێراق له به‌غداوه بە رێگەی پارێزگای كه‌ركووك گه‌یشتنه شارۆچكه‌ی مه‌خموور لە نزیکی شاری هەولێر.
بەگوتەی بەرپرسی میحوەری مەخموور هێزه‌كه‌ی سوپای عێراق ده‌چێته پاڵ ئه‌و هێزه‌ی كه پێشتر له بنكه‌ی "سه‌ركردایه‌تی رزگاركردنی نه‌ینه‌وا" جێگیركرابوون له نزیك شارۆچكه‌ی مه‌خموور.
له لایه‌كی دیكه‌وه فه‌رمانده‌ی پۆلیسی پارێزگای نه‌ینه‌وا، به‌ها عه‌زاوی رایگه‌یاند: "دوای كۆتاییهێنان به مه‌شقێكی سه‌ربازیی چڕ، 26 هه‌زار پۆلیس ئاماده‌ن به‌شداریی بكه‌ن له رزگاركردنی شاری مووسڵ".
عه‌زاوی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد، سه‌باره‌ت به ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی گرتنه‌وه‌ی شاری مووسڵ كه چاوه‌ڕوانده‌كرێت ئه‌نجامبدرێت، هه‌ماهه‌نگیی ته‌واو هه‌یه له نێوان سه‌ركردایه‌تی ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ و پۆلیسی پارێزگاكه.
ئا: ن.ف