لیژنەی دەست پاكی: ھەموو لایەك دوور لە ململانێی حزبی رووبەڕووی گەندەڵی ببنەوە
"دۆخی كوردستان ئاسایی بكرێتەوە"
K24 - ھەولێر:
لیژنەی دەست پاكی لە پەرلەمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا راگەیاندراوێكیان لە بارەی دۆخی ھەرێمی كوردستان خستەڕوو، تێیدا داوا دەكەن، ھەموو لایەك دوور لە ململانێی حزبی رووبەڕووی گەندەڵی ببنەوە و دۆخی كوردستان ئاسایی بكرێتەوە.
لیژنەی دەست پاكی لە پەرلەمانی كوردستان راشیگەیاند: "دۆخی ھەرێمی كوردستان ئاسایی بكرێتەوە و لە وەرزی نوێدا پەرلەمان دەست بە كۆبوونەوە و كاری ئاسایی خۆی بكاتەوە و سەرجەم پڕۆژەكانی چاكسازی لە لایەن حكوومەتی ھەرێمی كوردستان یەك بخرێنەوە و نەخشە رێگایەكی روون و ئاشكرا بۆ چاكسازی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دابرێژرێت".
ئەوەشی خستەڕوو: "پێویستە دەزگاكانی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و شەفافیەت كارا بكرێن و رۆڵی خۆیان ببینن، بە تایبەت دەستەی نەزاھە و داواكاری گشتی و دیوانی چاودێری دارایی".
لەو كۆنگرە رۆژنامەوانیەدا ئەندامانی لیژنەی دەست پاكی باسیان لەوەشكرد: "لە ماوەی رابردوودا چەندین كەیس و بابەتی بە ھەدەردان و پیسخۆریمان داوەتە لایەنە پەیوەندیدارەكان، بەڵام كەمترین وەڵام و ئیجرائاتیان ھەبووە، بۆیە ناكرێت ئەم دۆخە چیتر بەم شێوەیە بەردەوام بێت، بەڵكو دەبێت بە ئیرادەیەكی سیاسی جیدی ھەموو لایەك دوور لە ململانێی حزبی رووبەڕووی گەندەڵی ببنەوە".
لە بەشێكی دیكەی راگەیاندراوەكەدا ھاتووە: "پێویستە چاكسازی لە سەرجەم سێكتەرەكان بكرێت و ھیچ بابەتێك و فایلێك بەدەر نەبێت لە وردبینی و بەدواداچوون و چاودێری و لێپرسینەوە".
ئا: ھەڤاڵ مەلا