"بارزانی پێی راگەیاندن لە كاتی خۆی ریفراندۆم ئەنجامدەدەین"

فەلاح مستەفا: وڵاتان بەڵێنی ھاوكارییان بە بارزانی داوە

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/58c4db63-99c8-4a0c-ae37-289971ed4e17/FALAH%20MSTAFA.ism/manifest

K24 - ھەولێر:

به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كە یاوەری سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بوو، لە گەشتەکەیدا بۆ ئەڵمانیا و بەشداریكردنی لە كۆنفرانسی میونشن لەبارەی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە رایگەیاند، بارزانی راشکاوانە پێی راگەیاندن لە كاتی خۆی ریفراندۆم ئەنجامدەدەین.

لە لێدوانێكدا بۆ (كوردستان24) فه‌لاح مسته‌فا، به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند: "سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ وڵاتی ئه‌ڵمانیا، سه‌ردانێكی سه‌ركه‌وتوو بوو، ته‌واوی سەرکردە و نوێنەرانی ئه‌و وڵاتانه‌ی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان له‌گه‌ڵیان كۆبووه‌وه‌، بەڵێنی وڵاته‌كانیان بۆ هاوكاریکردنی هه‌رێمی كوردستان نیشاندا، بارزانی راشكاوانه‌ پێی راگه‌یاندن‌، له‌كاتی خۆی ریفراندۆم لە ھەرێمی كوردستان ئه‌نجام ده‌ده‌ین".

فەلاح مستەفا، گوتیشی: "سەردانەكەی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بۆ بەشداریكردن لە كۆنفرانسی سیاسەتی ئاسایشی نێودەوڵەتیی لە میونشن و ئەو كۆبوونەوە دوو قۆڵیانەی كە لە کۆنفرانسەکە ئەنجامیدان لەگەڵ ژمارەیەك لە گەورە بەرپرسانی جیھان وڵاتانی جیھان، دەرفەتێك بوو كە ئەو بارودۆخەی لە ھەرێمی كوردستاندا ھەیە بیخاتەڕوو، لە ھەمانكاتدا داوای ھاوكاریی و پشتیوانیی بكات بۆ ئەو قەیرانانەی كە رووبەڕووی ھەرێمی كوردستان بووەتەوە".

ئەوەشی خستەڕوو: "ھەموو ئەو لایەنانە راستەوخۆ لە جەنابی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان رەوشەكەیان بیست و پێویستییەكانی ھەرێمی كوردستانیان زانی بەڵێنیاندا كە ھاوكارمانبن، بۆ ئەوەی زاڵبین بەسەر ئەو كێشانە و تا ھەرێمی كوردستان سەركەوتوو بێت لە بەرامبەر ئەو قەیرانانە".

فەلاح مستەفا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "قوربانیدان و خۆڕاگریی پێشمەرگە جێگای ستایشی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە، بەڵام ئێمە پترمان دەوێت وەك ھاوكاریی سەربازیی و خەرجییەكانی پێشمەرگە پێویستییەكی ھەنوكەییە، ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەر و ئاوارە كە لە ھەرێمی كوردستان ھەیە، مایەی ئەوەیە نەك ستایش و پێزانینی ھەبێت بەڵكوو بێتە پێش بۆ ئەوەی ئەو بارگرانییەی سەر ھەرێمی كوردستان كەمبكاتەوە".

داڕشتنەوە: ھ. م

Fly Erbil Advertisment