وهزیری دهرهوهی ئهمهریكا: پێویستە ھەموومان سوپاسی كورد بكەین
"بههۆی یاسا نێودەوڵەتییەکان نهتوانراوه راستەوخۆ چەك بدرێته پێشمەرگە"

K24 - ههولێر:
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، تاوەكو ئێستا ئەمریكا بەشێوەیەكی باش ھاوكاری سەربازی پێشمەرگەی كوردستانی كردووە، بەڵام بەھۆی یاسا نێودەوڵەتییەكان و یاساكانی عێراق، ئەمریكا نەیتوانیوە بەشێوەیەكی راستەوخۆ چەك و تەقەمەنی بە ھێزی پێشمەرگەی كوردستان بدات.
جۆن كیری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی: "پێویستە ھەموومان سوپاسی كورد بكەین".
جۆن کێری له بەردەم لیژنەی دارایی کۆنگرێسی ئهمهریكا، سەبارەت بە خەرجییەکانی وڵاتەکەی لە شەری دژ بە تیرۆر و له وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ناردنی چەك و تەقەمەنی و ھاوکارییە سەربازییەکان بۆ ھێزی پێشمەرگە ئاشکرایکرد بە ملیۆنان فیشەک و چەندین جۆر چەکی قورسیان داوەتە پێشمەرگە.
ههروهها گوتی: "ئێمە زیاتر لە ٦٥ ملیۆن دەستە فیشەکی جۆراوجۆر، چل و یهك ههزار نارنجۆك، 115 ههزار گوللـە ھاوەن، 60 ههزار دەستە گوللـەی دژ تانك، ههزار چەکی دژە تانك، زیاتر لە 56 ههزار ئار پی جی و 45 ههزارچەك، لە ناویشیاندا سیستمی دژە تانك و رەشاشمان بۆ پێشمەرگە ناردووە".
کێری، وتیشی پێویستە ھەموومان سوپاسی کورد بکەین بۆ ئەو قارەمانێتیەی کە لە شەری دژ بە داعش دەینوێنن. و توانیویانە داعش تێکبشکێنن.
جۆن کێری، لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەی ئەندامانی لیژنەی دارایی کۆنگرێسی وڵاتەکەیدا کە بۆچی ھاوکارییە سەربازییەکان بۆ ھاوپەیمانمان لەشەر دژ بە داعش دوا دەکەون؟ رایگەیاند بەداخەوە بەھۆی یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە ناتوانین راستەوخۆ چەك بدەینە پێشمەرگە و گوتی: "ھەموو ھەوڵی خۆمانداوە بە زووترین کات ھاوکاریەکان بگەێنین. دڵنیاتان دەکەمەوە کە بۆ لەمەودوا پرۆسەی گەیاندنی ھاوکارییەکان خێراتر دەکەین، بەڵام بەداخەوە لەبەر یاسا نێودەوڵەتیەکان و یاساکانی عێراق نەمانتوانیوە راستەوخۆ چەك بدهینە پێشمەرگە و تا ئێستاش لەرێگەی بەغداوە ھاوکارییە سەربازییەکانیان دەدەینێ".
لە کۆتاییدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوەی باسکرا تەنھا چەك و تەقەمەنی بووە، جیا لەوەش چەندین جۆر ئۆتۆمبێلی سەربازی و دژە تانك و ١٥٠ ئەمبوڵانسیان داوەتە پێشمەرگە و جەختیشی کردەوە لە ھاوکارییەکانیان بۆ پێشمەرگە بەردەوام دەبن.