قایمقامی رانیە: رێگە بە ھیچ كەس و لایەن نادەین پشێوی بنێتەوە
"دەزگا ئەمنییەكان بەدواداچوونیان كردووە"

K24 - ھەولێر:
لە ئەگەری ئەنجامدانی خۆپێشاندان و نارەزایی دەربڕین کە دەنگۆ هەیە لە ساڵیادی راپەڕینی شارۆچكەی رانیە لە پارێزگای سلێمانیی ئەنجامبدرێت، قایمقامی رانیە رایگەیاند، رێگە بە ھیچ كەس و لایەن نادەین پشێویی بنێتەوە.
ھیوا قەرەنیی، قایمقامی شارۆچكەی رانیە لە لێدوانێكی تایبەت بۆ ماڵپەڕی (كوردستان24) رایگەیاند: "وەك ھەموو ساڵانی دیكە بۆ ساڵیادی راپەڕینی رانیە، ئامادەباشیمان كردووە، ھەم بۆ پیرۆز راگرتنی یادەكە و ھەمیش بۆ پاراستنی رەوشی ئەمنیی".
گوتیشی: "پێشوازیی لە ھەر لایەن و كەسێك دەكەین كە بیانەوێت بۆ یادەكە ھاوكارمان بن، بەڵام بە ھیچ شێوەیەك رێگە نادەین ھیچ كەس و لایەن ئەو یادە پیرۆزە لە خەڵكی رانیە و كوردستان بشێوێنن".
لە بارەی بە دواداچوونی دەزگا ئەمنییەكان بۆ سەرچاوەی بڵاوکردنەوەی دەنگۆی نانەوەی "پشێویی" لە رانیە، ھیوا قەرەنیی، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "دەزگا ئەمنییەكان بە دواداچوونیان كردووە و ھەر كەسێك بیەوێت پشێویی لەو ناوچەیە بنێتەوە، ئەوان لە رێگەی یاساوە مامەڵەی لەگەڵ دەكەن".
چەند رۆژێكە ژمارەیەك پەیج و لاپەڕە لە تۆڕە كۆمەلایەتییەكان بانگەواز بۆ خۆپێشاندان لە شاری رانییە دەكەن، لە پۆستەكاندا ئەوە خراوەتەڕوو رۆژی 5/3/2016 كە ھاوكاتە لەگەڵ 25 ساڵیادی رزگاركردنی شارۆچكەی رانیە لە دەست رژێمی بەعس.