باراك ئۆباما: ستراتیجیی نوێی دژی داعش راگەیاند
واشنتن ھەوڵەکانی لە ھەموو بوارەکاندا لە دژی داعش چڕدەکاتەوە

K24 - ھەولێر:
باراك ئۆباما، سەرۆكی ئەمریكا لە گوتارێكدا ستراتیجیی نوێی وڵاتەکەی دژی داعش راگەیاند.
باراك ئۆباما، لە گوتارێکیدا سەبارەت بە ستراتیجیی نوێی وڵاتەکەی لە دژی داعش راشیگەیاند: "واشنتن ھەوڵەکانی لە ھەموو بوارەکاندا لە دژی داعش چڕدەکاتەوە"، ئاشکراشی کرد: "دەستێوەردانی رووسیا لە سووریا، رەوشی سووریای هێندهی دیکە خراپ کردووە".
ئۆباما گوتیشی: "دەمەوێ ئەوە بڵێم رەوشی ناھەمواری عێراق و سووریا، یەکێکە لە رەوشە ئاڵۆزەکان كە جیھان بەخۆیەوە بینیووە و داعش لەو دوو وڵاتە رەگی کووتاوە و ھاولاتیانیش وەکوو قەڵغان بەکاردێنێت".
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەشی کرد: "بێگومان ئەوەی لە سووریا روودەدات تەنیا شەڕی نێوخۆ نییە، بەڵکوو بووەتە شەڕی بەوەکالەتی وڵاتانی ناوچەکە ئەمەش بارودۆخەکەی ئەوەندەی دیکە خراپ کردووە".
باراك ئۆباما گوتی: "دەمەوێ ئەوەش بڵێم کە ھیچ ئاگربەستێک رێکخراوی داعش ناگرێتەوە و ئێمە بەھەموو توانایەکمانەوە رووبەروویان دەبینەوە".
دوای ئەوەی رێكخراوی داعش لە سووریا سەریهەڵدا، دەستی بەسەر چەندین ناوچەدا گرت و چەند ناوچەیەكی لە عێراق كۆنتڕۆڵكرد.
ئەمە لە کاتێکدایە لە ساڵی 2014وە ئەمریكا ستراتیجیی خۆی دژی داعش راگەیاند و ھێرشی ئاسامانیی بۆ سەر داعش دەستپێكرد.
داڕشتنەوە: ش، م