شەش نوێنەری رۆژھەڵاتی كوردستان گەیشتنە ئەنجوومەنی شارەزایان
"ئەگەری ھەیە جێگری رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران لەم خوولەدا دیاری بكرێت"
K24 – ھەولێر:
شەش نوێنەری رۆژھەڵاتی كوردستان بۆ خوولی پێنجەمی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری سەركەوتن، ئەو خوولەی كە بە گوتەی چاودێرانی سیاسیی ئەگەری زۆرە، جێگری رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێرانی تێدا دیاریی بكرێت.
یەكێك لە گرنگترین ئەركەكانی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی، دیاریكردنی رێبەر و چاودێریكردنی ئەركەكانی رێبەرە، بۆیە گرنگیی تایبەتی خۆی ھەیە.
ھەرچەندە كۆی ژمارەی ئەندامەكانی ئەو ئەنجوومەنە 88 ئەندامن، بەڵام پشكی رۆژھەڵاتی كوردستان لەو ژمارەیە تەنیا 6 كورسییە.
بە گوێرەی ئامارەكان ئەمانوڵڵا نەریمانی و مەحموود محەممەدی عێراقیی كە ھەردووكیان سەر بە باڵی ریفۆرمخوازن، لە كرماشان دەنگیان بۆ ئەنجوومەنی شارەزایان بەدەستھێناوە.
لە پارێزگای سنەی رۆژھەڵاتی كوردستان، لە كۆی 23 كەس كە خۆیان بۆ بەشداریكردن لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی كاندید كردبوو، تەنیا 4 كاندید بە فیلتەری شورای نیگەھباندا تێپەڕین.
بەڵام پارێزگاری سنە، عەبدول محەممەد زاھیدی پێشتر گوتبووی: "حوسێن شاھروودی نوێنەری عەلی خامنەیی رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران لە پارێزگای سنە وەكوو كاندیدی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی قەبووڵكراوە "، بۆیە ژمارەی كاندیدەكانی سنە بۆ ئەنجوومەنی شارەزایان بوو بە 5 كەس.
بەڵام لە نێوان ئەو 5 كاندیدەی پارێزگای سنەدا بۆ ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی، فایەق رۆستەمی و ئەنوەر ئادەمی دەنگیان بەدەستھێناوە.
لە نێوان دوو ركابەر بۆ ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی لە ئیلام، سەعید گوڵپایەگانی زیاتر لە 150 ھەزار دەنگی بەدەستھێنا.
لە پارێزگای ورمێ 5 كەس بۆ بەدەستھێنانی 3 كورسی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی رەكابەرییان دەكرد لەوانە، عەلی ئەکبەر قورەیشی، عەسکەر دیرباز و جەواد شەبستەری دەنگیان هێناوەتەوە.
بە گوێرەی راگەیەنراوی ناوەندی ھەڵبژاردن لە ئێران، پارێزگای لۆرستان ئەحمەد مەبلەغی و ھاشم نیازی دەنگیان بۆ ئەنجوومەنی شارەزایان بەدەستھێناوە.
ئاژانسی ھەواڵی ئیرنا بڵاویكردووەتەوە، ھاشمی رەفسەنجانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییە باڵاكانی ئێران، زۆرترین دەنگی بۆ ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی بەدەستھێناوە، ھاوكات محەممەد یەزدی سەرۆكی خوولی چوارەمی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی و میسباح یەزدیی دوو كەسایەتی دیاری سەر بەیتی رێبەریی دەنگیانی پێویستیان بۆ ئەو ئەنجوومەنە بەدەست نەھێناوە .
وەرگێڕان: لەیلا قادریی
