فراكسیۆنەكان كاراكردنەوەی پەرلەمان تاوتوێ دەكەن
پەرلەمانتارێك: ھیوادارم فراكسیۆنی پارتی بڕیارێكی گرنگیان پێ بێت
K24 - ھەولێر:
بڕیارە ئەمڕۆ سەرۆكی فراكسیۆنەكان لە پەرلەمانی كوردستان گفتوگۆ لە بارەی كاراكردنەوەی پەرلەمان بكەن.
لە لێدوانێكیدا بۆ (كوردستان24) سالار مەحموود، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند: "لە رۆژانی رابردوو بە مەبەستی كاراكردنەوەی پەرلەمان، یاداشتیكمان داوەتە سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆ ئەوەی بە ئەركی یاسایی خۆی ھەڵسێت بۆ راگەیاندنی كۆبوونەوەی پەرلەمان، دۆخەكە لەوە زیاتر بەر یەككەوتن و دووركەتنەوە ھەڵناگرێت".
گوتیشی: "لە ئەجندایاندایە سەرۆك فراكسیۆنەكان پێكەوە دابنیشن، ھیوادارم فراكسیۆنی پارتی كە لەگەڵ كاك مەسعوود، كۆدەبنەوە بڕیارێكی گرنگیان پێ بێت بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان، بۆ ئەوەی پەرلەمان كارا بكرێتەوە و ھاوكاریی ئەنجوومەنی وەزیران بكات بۆ باشتركردنی ژیانی خەڵك".
لە لایەكی دیكە ئەمڕۆ مەسعوود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پیرمام لەگەڵ فراكسیۆنی پارتیی لە پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە، چاوەڕوان دەكرێت كاراكردنەوەی پەرلەمان یەكێك بێت لە تەوەرە سەرەكییەكانی ئەو كۆبوونەوەیە.
بە گوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێرمان لە پەرلەمانی كوردستان دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەیان لەگەڵ بارزانی، فراكسیۆنی پارتیی دەگەڕێنەوە پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكی فراكسیۆن بەشداریی لە كۆبوونەوەی سەرۆك فراكسیۆنەكان دەكات.
داڕشتنەوە: ھ . م