ئوردن ئۆپەراسیۆنی دژی لایەنگرانی داعش دەستپێكرد
بە گوێرەی زانیارییەكانی تەلەفزیۆنی ناوەندی ئوردن، لە ئاكامی ھەڵمەتەكەدا پۆلیسێكی ئوردنی و چەندین توندڕەو كوژراون.

K24 - ھەولێر:
حكوومەتی ئوردن رایگەیاند كە ھێزەكانیان ھەڵمەتێكیان لە دژی چەند كۆمەڵەیەكی توندڕەو و لایەنگرانی داعش دەستیپێكرد و چەند كەسێكیان كوشتووە و چەندین كەسیان دەستگیركردووە.
لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا تا ئێستا ھێزە ئەمنییەكانی ئوردن بۆ یەكەم جارە ئەو جۆرە ھەڵمەت و پشكنینە و بەدواگەڕانە بۆ سەر لایەنگرانی داعش لەو وڵاتە دەستپێكەن.
ھێزە ئەمنییەكانی ئوردن ھەڵمەتەكەیان لە سەر سنووری سووریا لەناو كۆمەڵگە فەلەستینییە نشینەکان چڕتر كردووەتەوە و بەردەوامیش دەبن و بە لێكدانەوەی ئەوان ئەو شوێنە ژینگەیەكی لەبارە بۆ زیادبوونی شوێنكەوتوانی داعش و رێكخراوە توندڕەوەكانی دیكە.
بە گوێرەی زانیارییەكانی تەلەفزیۆنی ناوەندی ئوردن، لە ئاكامی ھەڵمەتەكەدا پۆلیسێكی ئوردنی و چەندین توندڕەو كوژراوون.
شانشینی ئوردن ھاوسنوورە لەگەڵ عێراق و سووریا و سعوودییە، بەھەزاران ھاووڵاتی سووریا ئاوارەی ئەو وڵاتە بوونە، لە دوای ئەوەی داعش دەستی بەسەر چەندین ناوچە لە سووریا و چەند ناوچەیەك لە عێراق گرت، ئوردن بڵاوەی بە ھێزەكانی كردووە لەسەر ھەردوو سنووری عێراق و سووریا، ھەروەھا ئوردەن ئەندامی ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتییە دژی داعش بە سەرۆكایەتی ئەمریكا.
سەرچاوە: رۆیتەرز، داڕشتنەوە: ش،م