عهرهبهكانی كهركووك داوای پۆستی بهڕێوهبهری پۆلیس دهكهن
تا ئێستا چهندین كهسایهتی عهرهب لهناو كهركووك تیرۆركراون

K24 - كهركووك:
وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە رێگەی نووسراوێکەوە کە ئاراستەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکی کردووە داوا دەکات ناوی ٣ کەس بۆ پۆستی بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکووك بنێرن، بۆ ئەوەی یەکێك بۆ ئەو پۆستە دیاریبکرێت کە لە ئێستادا لە لایەن عەمید خەتاب عومەرەوە بە وەکالەت بەرێوەدەبرێت.
عەرەبەکانی کەرکووکیش چاویان لەو پۆستەیەو داوا دەکەن رێکكەوتنی لەسەر بکرێت و بەمافی خۆشییانی دەزانن کەسێك بۆ ئەو پۆستە کاندیدبکەن.
جارێکی دیکە بەغدا بەنووسراوی فەرمی ئیدارەی کەرکوک لە دانانی کەسێک بۆ پۆستی بەرێوەبەری پۆلیسی کەرکوک ئاگەدار دەکاتەوە.
لە نووسراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی عێراقدا کە وێنهیهكی دەست کوردستان ٢٤ کەوتووە, داوا لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووك دەکات بە مەبەستی دانانی کەسێکی شیاو بۆ پۆستی بەرێوەبەری پۆلیس، ناوی ٣ ئەفسەری بە ئەزموون بنێرن، بۆ ئەوەی یەکێکییان بۆ ئەو پۆستە دیاریبکرێت.
ئیدارەی کەرکووك، بەردەوام رەخنە لە بەرپرسانی بەغدا دەگرێت، بەوەی لە دانان و گۆڕینی بەرێوەبەری فەرمانگەکانی کەرکووك پرسییان پێناکەن, بەوھۆیەشەوە تا ئێستا چەندین بڕیاری بەغدایان رەتکردووهتەوە, لەسەر ئەم نووسراوەی وەزارەتی ناوخۆش ئەنجوومەنی پارێزگا قسەی خۆی ھەیە.
عەرەبەکانی کەرکووك بە ھۆی ئەوەی لە رابردوو وەك خۆیان دەڵێن، چەندین کەسایەتییان لە کەرکووك تیرۆرکراوە و زۆرترین تێبینی و رەخنەیان لەسەر دەزگا ئەمنییەکانی کەرکووك ھەبووە, ھەربۆیە داوای راوێژ دەکەن و پۆستی بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکووکیش بە مافی خۆیان دەزانن.
لە ئێستادا لە شاری کەرکوك، نزیکەی ٧ پۆستی ھەستیار دوای لادانییان بە بڕیاری بەغدا بە شێوەی وەکالەت بەرێوەدەبرێن, زۆرجاریش پەنجەی تۆمەت بۆ پارتی و یەکێتی درێژدەکرێت بەوەی لەسەر دانانی کەسەکان رێکناکەون و بەھۆی ئەوناکۆکییانەشەوە تا ئێستا چەند پۆستێك لەجێگەی کورد، عەرەب یان تورکمان دانراون.