ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا له توركیا نیگه‌رانن
ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی توركیا هه‌ڕه‌شه له به‌ئه‌ندامبوونی ده‌كه‌ن له یه‌كێتی ئه‌وروپا

K24 - هه‌ولێر:
یه‌كێتی ئه‌وروپا و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، نیگه‌رانی خۆیان له مه‌ڕ ئازادییه‌كانی راده‌ربڕین و رۆژنامه‌وانی له توركیا ده‌ربڕی، دوای ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری توركیا، بڕیار قه‌ده‌غكردنی ده‌رچوونی رۆژنامه‌ی "زه‌مان"ی سه‌ر به ئۆپۆزیسیۆنی ئه‌و وڵاته ده‌ركرد.
ئه‌و هه‌نگاوه‌ی توركیا، ته‌نها دوور رۆژ پێش ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌ی لووتكه‌ی نێوان توركیا و یه‌كێتی ئه‌وروپا دێت له برۆكسل، كه تایبه‌ته به پرسی قه‌یرانی په‌نابه‌ران، بڕیاره توركیا له‌و لووتكه‌یه‌دا، داوا بكات په‌له بكرێت له ئه‌نجامدانی رێوشوێنی تایبه‌ت به چوونه ریزی ئه‌و وڵاته بۆ یه‌كێتی ئه‌وروپا، له به‌رامبه‌ریشدا ئه‌نقه‌ر رێگری له هاتنی په‌نابه‌ران بگرێت بۆ ناو خاكی وڵاته‌كه‌ی و پێیدا نه‌په‌ڕنه‌وه ئه‌وروپا.
پۆلیسی توركیا به به‌كارهێنانی گازی فرمێسك‌ڕێژ، بڵاوه‌ی به خۆپیشاندهنێك كرد، كه له دژی داخستنی رۆژنامه‌ی "زه‌مان"، له‌به‌رده‌م رۆژنامه‌كه له ئیستانبوڵ، كۆببوونه‌وه.
هه‌فته‌ی رابردووش پۆلیسی توركیا سه‌رجه‌م رێگاكانییان، به دانانی به‌ربه‌ستی ئاسن داخست كه ده‌چنه‌وه به‌رده‌م نووسینگه‌ی سه‌ره‌كی رۆژنامه‌كه.
دوای ده‌ركردنی بڕیاری دادگای توركیا، هێزه ئه‌منییه‌كان هه‌ڵیانكوتایه سه‌ر رۆژنامه‌كه و له ئێستادا له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه پاسه‌وان بۆ باره‌گای رۆژنامه‌كه دانراوه.
یۆهانس هان، كۆمیسه‌ر له یه‌كێتی ئه‌وروپا گوتی: "له‌و هه‌نگاوانه‌ی توركیا به‌رامبه‌ر به رۆژنامه‌ی زه‌مان نیگه‌رانین و ره‌نگه ئه‌و كاره‌ی توركیا ببێته هۆی هه‌نگاوی دیكه له بواره‌كانی دیكه‌ی ئازادی راده‌ربڕین".
هه‌روه‌ها گوتی: "له نزیكه‌وه چاودێری ره‌وشه‌كه ده‌كه‌ن، پێویسته له‌سه‌ر توركیا كه ئێستا پاڵێوراوه بۆ چوونه ریزی یه‌كێتی ئه‌وروپا، رێز له ئازادی رۆژنامه‌وانی بگرێت كه مافێكی بنه‌ڕه‌تییه و گفتوگۆی له باره‌وه ناكرێت".
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، جۆن كێربی، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا گوتی: "هه‌نگاوه‌كانی دادوه‌ری توركیا جێگه‌ی نیگه‌رانین كه حكوومه‌تی ئه‌و وڵاته له دژی ده‌زگاكانی راگه‌یاندن گرتوویه‌ته به‌ر، به‌تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ی ره‌خنه‌ی لێده‌گرن".
گرووپی میدیایی "زه‌مان" كه هه‌ریه‌ك له رۆژنامه‌ی "زه‌مان، "تودهیز زه‌مان"ی ئینگلیزی و ئاژانسی هه‌واڵی جیهان، له‌لایه‌ن فه‌تحوڵڵا گوله‌ن بانگخوازی تورك و هاوپه‌یمانی پێشووی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان خاوه‌ندارێتی ده‌كرێن، كه له‌دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵی حكوومه‌ته‌كه‌ی ئاكپارتی له كۆتایی ساڵی 2013، بووه‌ته دوژمنی یه‌كه‌می.
ئاژانسی هه‌واڵی "جیهان" له زاری عه‌بدولحه‌مید بیلیسی، سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌ی "زه‌مان" گواستوویه‌تییه‌وه كه ده‌ڵێت: "ئازادی رۆژنامه‌وانی به رێگه به بێده‌نگكردنی نادات، ئه‌و ئازادییه هه‌ر ده‌مێنێته‌وه هه‌تا ئه‌گه‌ر ناچار بین له‌سه‌ر دیواره‌كانیش بنووسین، له‌سه‌رده‌می ژماره‌یه‌كی و دیجیتاڵیدا ناكرێت ده‌زگاكانی راگه‌یاندن بێده‌نگ بكرێن".