ژیانی بەنگلادیشییەكان لە هەرێمی كوردستان
دوكانی تایبەت بە خۆیان لە ھەولێر دەكەنەوە

K24 - ھەولێر:
لە کوردستان ژمارەیەکی زۆر کرێکاری بیانیی هەن لە نێو ئەو کرێکارە بیانیانەدا بەنگلادیشییەکان زۆرترینیانن، سەرجەمیشیان بە تەواوی فێری زمانی کوردیی بوونە و بە باش قسەی پێدەكەن.
حەبیب سوئیل، یەکێکە لەو کرێکارە بەنگلادشانەی نۆ ساڵە لە باشووری کوردستان لە چەندین شوێن کاری کردووە ئەو بە جۆرێک فێری زمانی کوردی بووە بە باشی لەگەڵ هاورێکانیدا قسە دەکات، ئەو باس لە ژیانی دەكات لەو ماوەی لە ھەولێر دەژیت دەڵێ: "لەو ماوەی كە ھاتوومە كوردستان دووجار گەڕایمەوە ماڵەوە، چونكە خێزان و منداڵم ھەیە".
حەبیب، گوتیشی: "لەم ماوەیەی ھاتوومەتە ھەولێر لە چەند شوێنێك كارم كردووە، باش فێری زمانی كوردیی بوومە دەتوانم بە باشی قسەی پێ بكەم و جگە لە كوردیی چەند چەند زمانێكی دیكە دەزانم".
کرێکارە بەنگلادشییەکان بە زمانی کوردیی باسی رەوشی ژیانیان لە کوردستان دەکەن و ئەوان بێجگە لە کارگوزاریی لە شارەوانییەکان و لە کۆمپانیا و شوێنەکانی دیکە کار دەکەن، لە ناو بازاڕی ھەولێر خواردنگەیەکی تایبەتیش بە خواردنی خۆیان داناوە خواردنی بەنگلادیشی لێ ئامادە دەكرێت.
یەكێك لە کرێکارە بەنگلادیشییەكان گوتی: "لەم دوكانەدا خواردنە بەنگلادیشییەكان ئامادە دەكرێت و دەفرۆشێت، خواردنەكانیش بریتین لە كوبە، شفتە، باقلاوە و چەند خواردنێكی دیكە".
ئەوانیش وەك ھەر ھاووڵاتیەكی دیكەی ھەرێمی كوردستان قەیرانی دارایی كاریگەری كردوەتە سەر كار و كەسابەتی رۆژانەیان، یەكێك لەو كرێكارە بەنگلادیشیانە ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: "بازاڕ نییە ئێستا زۆر لاوازە".
کرێکارە بەنگلادشییەکان هاورێیەتی و تێکەڵاوییان لەگەڵ خەڵکی کوردستان باشە و بە جۆرێک خاوەن کار و هاوڵاتیانش زۆر لێان ڕازین و بە دەست پاک ناسێنراون، ھاووڵاتیەكی كورد دەڵێ: "بەنگلادیشیەكان تا ئێستا كێشەیان نەبووە بۆ كوردستان و دەست پاك و رێكوپێكن".
بە گوێرەی ئامارە نافەرمییەکان نزیکەی 40 هەزار کرێکاری بیانی لە باشووری کوردستان هەن، زۆربەشیان کرێکاری بەنگلادیشین بەهۆی نزمی بەهای دراوی وڵاتەكەیان لە ھەرێمی كوردستان كار دەكەن و پارەی مانگانە بۆ خێزنەكانیان دەنێرنەوە.
داڕشتنەوە: ھ . م