زیندانیە سیاسییەكان: بەدواداچوون بۆ مووچەكانمان نەكرێت رێگەی مەدەنی دەگرینەبەر

"تەنھا ئێمە مووچەی مانگی رابردوومان وەرنەگرتووە"

K24 - ھەولێر:

سەرۆكی دەستەی باڵای زیندانیە سیاسییەكانی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، جگە لە مووچەكانی ساڵی رابردوویان كە وەك فەرمانبەرانی دیكە وەریان نەگرتووە، مووچەی مانگی رابردووی ھەموو فەرمانبەران دابەشكراوە، بەڵام مووچەی زیندانیە سیاسییەكان دابەش نەكراوە، ئەگەر بە دواداچوون بۆ مووچەكانمان نەكرێت رێگەی مەدەنی دەگرینەبەر.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ (كوردستان24) نەوزاد شێخە، سەرۆكی دەستەی باڵای زیندانیە سیاسییەكانی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند: "مانگی رابردوو مووچەی سەرجەم فەرمانبەرانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دابەشكرا، بەڵام مووچەی زیندانیانی سیاسی دابەش نەكرا".

 ئێمەش لە رێگەی لیژنەی زیندانیە سیاسییەكانی لە وەزارەتی شەھیدان و لایەنە سیاسییەكان ھەوڵمدا ھۆكاری دواكەوتنی مووچەكانمان بزانین، دوای ئەوە یاداشتێكمان ئاراستەی ھەرسێ سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان كرد، بەڵام تا ئێستا حكوومەت بێدەنگە و ھیچ وەڵامێكی نەداینەوە".

ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: "فشاری زۆریان لەسەرە لە لایەن لەلایەن كادیر و ئەندامانیان، بۆیە ئەگەر بەدواداچوون بۆ مووچەكانمان نەكرێت، ناچارین یاداشت ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆ دەكەین بۆ ئەوەی رێگەمان پێبدەن رێپێوان بۆ بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران ئەنجامبدەین"

زیندانیانی سیاسیی پێكھاتوون لە پێشمەرگە و كادیر و ئەندامی پارتە سیاسییەكان، كە لە سەردەمی رژێمی بەعس بەھۆی كوردبوون و سیاسەتكردن لە زیندانەكانی بەعس زیندانی كرابوون، بەپێی یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2011، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان مووچەی بۆ دیاركردون.

داڕشتنەوە: ھ . م

Fly Erbil Advertisment