لە ماوەی ساڵێکدا 230 هەزار قاچاخچیی ماددەی هۆشبەرلە ئێران دەستگیر کراون

20 دەزگای ئێرانی ئەرکی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەریان لەسەرشانە

K24 - ھەولێر:

سەرۆکی پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەری ئێران رایگەیاند: ئەمساڵ 230 هەزار قاچاخچیی ماددەی هۆشبەر لە سەرانسەری ئێران دەستگیر کراون.

عەلی موئەیەدی، بە تەلەفزیۆنی ئێرانی راگەیاند: ئەم رێژەیەی قاچاخچیانی دەستگیرکراو جێگەی نیگەرانییە، بەڵام ئێمە لەسەرمانە بە شەفافی رایبگەیەنین.

موئەیەدی، گوتیشی: لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەستمان کرد کەسانێک خەریکە کەرەستەی دروستکردنی ماددەی هۆشبەری پیشەسازی بەرهەم دێنن و دوای 277 رۆژ هەوڵی پۆلیس، بەشێک لەو باندەمان دەستگیر کرد.

بە گوتەی ئەم بەرپرسەی هێزی ئینتزامی، 20 دەزگای ئێرانی ئەرکی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەریان لەسەرشانە، بەڵام بەشێکیان ئەرکی خۆیان جێبەجێ ناکەن.

عەلی موئەیەدی دەشڵێت: شوێنی راگرتنی ئەو هەموو قاچاخچییە دەستگیراوانەمان نییە و پێویستە حکوومەت و پەرلەمانی کۆماری ئیسلامی، رێگەچارەیەک بدۆزنەوە.

 سەرەڕای  ئەوەى هەواڵ و ڕووداوەکانى پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سانسۆر دەکرێن و زانیارى شەفاف لەو بارەیەوە لە بەردەستدا نییە، بەڵام ئامارە نافەرمییەکان لە نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێن  ژمارەى تووشبوان بە ماددەى هۆشبەر لە ئێران دوو تا چوار ملیۆن کەس دەبێت.

 داڕشتنەوە: ش، م

Fly Erbil Advertisment