كەنەدا فەوجێكی پێشمەرگە پڕ چەك دەكات
حکومەتی کەنەدی ئاشکرای کرد کە ژمارەی راوێژکارییە سەربازییەکانی لە ھەرێمی کوردستان بۆ نزیکەی 200 راوێژکار زیاد دەکات.

K24 - ھەولێر:
کەنەدا فەوجێکی تایبەتی ھێزی پێشمەرگە پڕ چەک دەکات و مەشق و راھێنانیان پێ دەکات.
ژەنەڕاڵ جۆنیتان ڤانس، فەرماندەی باڵای سوپای کەنەدا ، رایگەیاند: ھێزێکی تایبەتی کەنەدا مەشق و راھێنانی بە فەوجێکی تایبەتی پێشمەرگە دەکەن و پڕ چەکی دەکەن، وەکو بەشێک لە فراوانبوونی رۆڵی کەنەدا لە شەڕی دژ بە داعش.
فەرماندەی گشتی سوپای کەنەدا لەبەردەم سیناتی وڵاتەکەی رایگەیاند، تا ئێستا ژمارەی تەواویان لەبارەی ئەو پێشمەرگانە لەبەر دەست نیە کە مەشقیان پێکردوون، بەڵام ئەوەی ئاشکرا کردووە کە زۆربەیان پێشمەرگەی خۆبەخش بوون.
مانگی رابردوو حکومەتی کەنەدی ئاشکرای کرد کە ژمارەی راوێژکارییە سەربازییەکانی لە ھەرێمی کوردستان بۆ نزیکەی 200 راوێژکار زیاد دەکات.
كەنەدا لە چوارچێوەی ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بە سەرۆكایەتی ئەمریكا دایە، چەندین راوێژكاری سەربازی لە ھەرێمی كوردستان ھەیە بۆ مەشق و راھێنان بە ھێزەی پێشمەرگەی كوردستان.
هارجیت ساجان، وەزیری بەرگریی كەنەدا لە 20- 12- 2015 و شاندێكی یاوەری كرد، كە پێكهاتبوو لە ، باڵیۆزی كەنەدا لە عێراق و ژمارەیەك بەرپرس و ڕاوێژكاری وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە، سەردانی ھەرێمی كوردستانیانكرد، وەزیری بەرگریی كەنەدا پێزانینی بۆ خەبات و قوربانیدانی كورد ھەبوو، رایگەیاند كەنەدا ئاگاداری ئازایەتی پێشمەرگەیە لە شەڕی دژ بە داعش بۆیە ھاوكارییەكانمان زیاتر دەكەین.
داڕشتنەوە: ش،م