"ئێمه 6 ملیار یۆرۆ ده‌ده‌ینه ئه‌وروپا با سووری و ئه‌فغانییه‌كان بۆخۆیان ببه‌ن"
جه‌هه‌په دژایه‌تی خۆی بۆ رێككه‌وتنی وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی ئه‌وروپا راگه‌یاند

K24 - هه‌ولێر:
كه‌مال كلیچدار ئۆغلو، سه‌ركرده‌ی ئۆپۆزیسیۆنی توركیا، وه‌ك ناڕه‌زاییه‌كی له به‌رامبه‌ر رێككه‌وتنی وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی ئه‌وروپا، داوا ده‌كات وڵاته‌كه‌ی 6 ملیار یۆرۆ بداته ئه‌وروپا بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م په‌نابه‌ره سووری و ئه‌فغانییه‌كانی توركیا ببه‌ن.
لێدوانه‌كانی كه‌مال كلیچدار ئۆغلو، سه‌رۆكی پارتی گه‌لی كۆماری، دوای ئه‌وه‌ی هات كه ئه‌حمه‌د داودئۆغلو، سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا باسی له گفتوگۆكانی برۆكسل كردبوو، كه تێیدا گفتوگۆ له باره‌ی چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی په‌نابه‌ران و بۆ ئه‌وه‌ی توركیا رێگا له په‌نابه‌ران بگرێت به خاكه‌كه‌یدا بپه‌ڕنه‌وه وڵاتانی ئه‌وروپا و له به‌رامبه‌ریشدا 4 ملیار یۆرۆ له یه‌كێتی ئه‌وروپا وه‌ربگرێت.
داودئۆغلو له باره‌ی گفتوگۆكان ئاماژه‌ی به زیره‌كی و لێهاتوویی خۆی له دانیشت و گفتوگۆكان كردبوو و گوتبووی: "وه‌ك بازرگانێكی سه‌ركه‌وتوو مامه‌ڵه‌كه‌مان كردووه".
له به‌رامبه‌ر كلیچدار گوتی: "بازرگانه سه‌ركه‌وتووه‌كان ده‌زانن چۆن بازرگانییه‌كه‌یان ده‌كه‌ن، وابزانم ئه‌وان واژووی خۆیان له‌سه‌ر ئه‌و جۆره رێككه‌وتنانه به فیڕۆناده‌ن".
كلیچدار له سه‌ره‌تاوه دژایه‌تی خۆی بۆ رێككه‌وتنی نێوان یه‌كێتی ئه‌وروپا و توركیا بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی په‌نابه‌ران رایگه‌یاند و گوتی: "ناكرێت ئه‌و رێككه‌وتنه قه‌بوڵ بكه‌ین".