كۆمكاری عه‌ره‌بی حزبوڵڵای خسته لیستی تیرۆر
عێراق و لوبنان دژی بڕیاره‌كه‌بوون و جه‌زائیریش تێبینی هه‌یه

K24 - هه‌ولێر:
وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی، له میانی كۆبوونه‌وه‌یان له نووسینگه‌ی سه‌ره‌كی كۆمكاری عه‌ره‌بی له قاهیره، به كۆی ده‌نگ بڕیارییاندا حزبوڵڵای لوبنانی بخه‌نه لیستی تیرۆره‌وه.
له به‌رامبه‌ریشدا هه‌ریه‌ك له لوبنان و عێراق دژی بڕیاره‌كه راوه‌ستانه‌وه و جه‌زائیریش تێبینی له‌سه‌ر ئه‌و بڕیاره هه‌بوو.
وه‌حید موباره‌ك سیار، بریكاری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌حره‌ین، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، بڕیاره‌كانی كۆبوونه‌وه‌ی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی خوێنده‌وه كه تێیدا هاتووه: "بڕیاره‌كانی ئه‌نجوومه‌نی كۆمكاری عه‌ره‌بی بڕیاری پۆلێنكردنی حزبوڵڵای وه‌ك رێكخراوێكی تیرۆریستی له‌خۆگرتووه".
سیار، كه له‌و خووله‌دا وڵاته‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی كۆمكاری وڵاتانی عه‌ره‌بی ده‌كات، گوتیشی: "كۆده‌نگی له‌سه‌ر ئه‌و بڕیاره هه‌بوو، ته‌نها لوبنان و عێراق دژی بوون و جه‌زائیریش تێبینی له‌سه‌ر بڕیاره‌كه هه‌بوو".
ئه‌و بڕیاره‌ی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی كۆمكاری عه‌ره‌بی، له‌كاتێكدایه ته‌نها یه‌ك هه‌فته به‌سه‌ر بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی هاریكاری كه‌نداودا تێده‌په‌ڕێت، كه به‌هه‌مان شێوه‌ی بڕیاریاندا، حزبوڵڵا بخه‌نه لیستی رێكخراوه تیرۆریستییه‌كانه‌وه.
ئه‌و دوو بڕیاره هاوشێوه‌یه له‌دوای راگرتنی هاوكارییه سه‌ربازییه‌كانی سعوودیه‌یه بۆ لوبنان، به‌هۆی هه‌ڵوێسته‌كانی ئه‌و وڵاته له دژی ریاز و چه‌ند وڵاتێكی كه‌نداویش هاووڵاتییانییان ئاگاداركردووه‌ته‌وه، سه‌ردانی لوبنان نه‌كه‌ن.