نێچیرڤان بارزانی: یەكتر شكاندن و سەپاندنی ئیرادە ھەرێمی كوردستانی گەیاندە ئەو دۆخە

"ئێمە ھەوڵماندا دۆخی كوردستان نەگاتە ئەو بارودۆخە، بەڵام بەداخەوە لە نێوان خراپ و خراپتردا خراپەكە روویدا"

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/e089ed7a-2402-47cb-bcd4-c8fb75985cbd/vtari%20nechirwan%20barzani.ism/manifest

K24 – ھەولێر:

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە میانەی گوتارێكدا لە چوارەمین دیداری سلێمانی رایگەیاند، یەكتر شكاندن وسەپاندنی ئیرادە ھەرێمی كوردستانی گەیاندە ئەو دۆخە ناخۆشە.

نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئێمە ھەوڵماندا دۆخی كوردستان نەگاتە ئەو بارودۆخە، بەڵام بەداخەوە لە نێوان خراپ و خراپتردا خراپەكە روویدا".

نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: " ئێمە لە باردودۆخێكی زۆر سەختی شەڕدابووین، كوردستان پێویستی بەوەبوو بە ھەموو شێوەیەك سەقامگیری نێوخۆی بپارێزێت، بۆ ئەوەی وڵاتەكەمان لە بەرەی شەڕی دژ بە تیرۆر تێكنەشكێت".

سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە بارەی كێشەی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان گوتی: " مخابن ھەوڵی شكاندنی سەرۆكێك كە لە بەرەی شەڕدابوو، ھەوڵی سەپاندنی ئیرادە و پاڵپێوەنانی پەرلەمان بۆ زیاتر ئاڵۆزكردنی دۆخەكە لە جیاتی چارەسەركردنی، وایكرد زۆر خەڵك بكەونە ناڕەحەتییەوە بەرامبەر كاری دەزگا شەرعییەكان".

نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "كێشەی سیاسیی نێوخۆیی لە ھەموو وڵاتێك روودەدەن، بەڵام گرنگ ئەوەیە ویست و ئیرادەی چارەسەركردنی كێشەكان ھەبێت، ئێستا كاتی ئەوەیە ھەموو لایەنەكانی كوردستان ویست و ئیرادە بە تەواوی پیشانبدەن، پێكەوە دابنیشن بۆ چارەسەركردنی كێشە نێوخۆییەكان و راستكردنەوەی كەموكورتییەكان و كاراكردنەوەی پەرلەمان بە شێوەیەك  ببێتە جێگەی متمانەی ھەموو گەلی كوردستان".

نێچیرڤان بارزانی، ئاماژەی بەوەشدا كە گفتوگۆیەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان، جێگەی ئومێدن لەو بواردەدا، ھیوای خواست گفتوگۆ و دانیشتنی لایەنە سیاسییەكان بە ئامانجی چارەسەركردنی كێشەكان دەستپێبكاتەوە.

نێچیرڤان بارزانی، لە  بارەی قەیرانی دارایی ھەرێمی كوردستان گوتی: " زۆر سوپاسی خۆڕاگری خەڵكی كوردستان بەگشتی و فەرمانبەران بە تایبەتی دەكەم، دەزانین قەیرانەكە زۆر قورسە كاریكردووەتە سەر قووتی رۆژانەی ھەموو ماڵێك، ئەو خۆڕاگرییە جێگەی رێز و پێزانینە".

لە بارەی شەڕی داعش لە كوردستان سەرۆكی حكوومەت گوتی: "داعش مەرگەساتێكی زۆر گەورەی لەگەڵ خۆیدا ھێنا، دڕندەییەكەی داعش لە كوردستان زۆر گەورە بوو، بەتایبەتی كۆمەڵكوژی كوردانی ئێزدی و رفاندنی خوشكان و دایكانی كوردی ئێزدی و وێرانكردنی كۆبانێ".

 داڕشتنەوە: ش ،م 

Fly Erbil Advertisment