ئەمریكا گەمارۆ دەخاتە سەر ئەو وڵاتانەی چەك دەفرۆشنە ئێران
لەو پرۆژە یاسایەدا داوا دەكرێت ھەر وڵاتێك قەدەغەی فرۆشتنی چەك بە ئێران لە بەرچاو نەگرێت و بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پێشێل بكات سزا بدرێت
K24- ھەولێر:
ئەندامانی كۆنگرێسی ئەمریكا خەریكی ئامادەكردنی پرۆژەیاسایەكن بۆ گەمارۆ خستنەسەر ئەو وڵاتانەی چەك دەفرۆشنە ئێران.
لەو پرۆژە یاسایەدا داوا دەكرێت ھەر وڵاتێك قەدەغەی فرۆشتنی چەك بە ئێران لە بەرچاو نەگرێت و بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پێشێل بكات سزا بدرێت، بڕیارە ئەو پرۆژە یاسایە لە كۆنگرێسی ئەمریكا دەنگی لەسەر بدرێت .
لە ماوەی رابردوودا ئەندامانی كۆنگرەی ئەمریكا نیگەرانیان دەربڕی لە بڕیاری رووسیا بۆ فرۆشتنی فڕۆكەی سەربازی بە ئێران و دوای تاقیكردنەوە مووشەكییەكانی ئێران، ئەمریكا ئەو پرسەی گەیاندە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و داوای گەمارۆی سەربازییان بۆ سەر ئێران كرد.
بەگوێرەی رێككەوتنی ناوەكی ئێران و وڵاتانی زلھێزی جیھان ، ئێران ناتوانێت تا 5 ساڵی دیكە بە بێ رەزامەندی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، كەرستەی سەربازی بكڕێت.