بارزانی هاوكاریكردنی پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری ئۆباما تاووتوێ ده‌كات

قۆناغی دوای ئازادكردنه‌وه‌ی موسڵ باسی لێوه‌كرا

K24 - هه‌ولێر:

مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و برێت ماکگۆرك، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا له‌ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، تاووتوێی بارودۆخی ناوچەکە و رەوشی بەرەکانی شەڕ و هەنگاوەکانی بەرفراوانکردنی هاوکاری ئەمریکا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکەن.

لە میانەی پێشوازی کردنی لە مەكگورك و شاندێكی یاوەری، كە پێكهاتبوو لە ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و ماتیوس میتمان كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێر و ژمارەیەك لە فەرماندە و بەرپرسانی باڵای سوپای ئەمەریكا لە عێراق. نوێنەری تایبەتی ئۆباما باسی هەوڵەكانی وڵاتەكەی كرد بۆ یارمەتیدان و هاوكاریكردنی هێزی پێشمەرگە و سەرۆك بارزانیی لە هەنگاوەكانیان بۆ جێبەجێكردنی گەیاندنی هاوكاری بۆ هێزی پێشمەرگە ئاگاداركردەوە.

هەر لە دیدارەکەدا باس لە ئامادەكارییەكانی ئۆپەڕاسیۆنی ئازادكردنی موسڵ بە بەشداریی هێزەكانی عێراقی و هێزی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانان كرا و جەختیش لە پێویستی بوونی ڕێككەوتنێكی سیاسی لەنێوان هەرێمی كوردستان و عێراق كرایەوە بۆ قۆناغی دوای ئازادكردنی موسڵ ئەویش بە مەبەستی ڕێگەگرتن لە سەرهەڵدانی كێشە و گرفت لە بەڕێوەبردن و پاراستنی ناوچە ئازادكراوەكان.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سووریا و ئاییندەی ئەو وڵاتە و بیرۆكەی فیدرالیزم بۆ ئەو وڵاتە و هەروەها بیروڕا لەبارەی گرژی و ئاڵۆزییەكانی نێوان توركیا و پەكەكە و مەترسییەكانی تەشەنەسەندنی گرژییەكان ئاڵوگۆڕ كرا.

Fly Erbil Advertisment