سوپای ئەمریکا: رووسیا زۆربەی زۆری فڕۆکەکانی لە سووریا کشاندووەتەوە
"رووسیا هەفتەی رابردوو هیچ هێرشێکی ئاسمانیی لە سووریا ئەنجام نەداوە"

K24-هەولێر
سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند رووسیا هەفتەی رابردوو هیچ هێرشێکی ئاسمانیی لە سووریا ئەنجام نەداوە و ئەگەر مۆسکۆ هەموو فڕۆکە جەنگاوەرەکانی لە سووریا نەکشاندبێتەوە ئەوا زۆربەی زۆری فڕۆکەکانی لەو وڵاتە کشاندووەتەوە.
گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا، کۆڵۆنێڵ پاتریک رایدەر راشیگەیاند: "زۆربەی فڕۆکە جەنگاوەرەکانی رووسیا، ئەگەر هەموو نەبێ، سووریایان جێهێشتووە، هاوکات هیچ هێرشێکی ئاسمانیی لە هەفتەی رابردوودا (لە سووریا) ئەنجام نەدراون".
گوتیشی: "بۆردومانکردن بە تۆپخانە لە لایەن رووسیاوە بەردەوامە" لە دەوروبەری شاری تەدمور لە باکووری رۆژهەڵاتی پایتەختی سووریا، شاری تەدمور لە بندەستی داعشدایە.
ئەمە لە کاتێکدایە وەزارەتی بەرگریی رووسیا، دوێنێ هەینیی، رایگەیاند کە: "دۆخەکە لەبارە بۆ شکستپێهێنانی رێکخراوی داعش لە شاری تەدموری سووریا و رووسیا رۆژانە 25 هێرشی ئاسمانیی لە سووریا ئەنجام دەدات".
وەزارەتی بەرگریی رووسیا دڵنیایشی دا کە: "بە هەموو هێزێکیی سەربازییەوە بەشدار دەبێ ئەگەر پێویست بکات".
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە رووسیا هەفتەی رابردوو لە سەر بڕیاری سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمی پوتن بڕیاری کشاندنەوەی هێزەکانی دا لە سووریا.
ئا: ئا ، ف