دوای 88 ساڵ ئۆباما دەبێتە یەكەم سەرۆكی ئەمریكا سەردانی كوبا بكات
حەوت مانگ لەمەوپێش، ئۆباما و رائول کاسترۆ، سەرۆكی كوبا پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانی جیھان رێککەوتن
.jpg)
K24 – ھەولێر:
بڕیارە ئەمڕۆ باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەمریکا ببێتە یەکەم سەرۆکی وڵاتەکەی لەدوای 88 ساڵ، بۆ یەکەمجار سەردانی کوبا بکات.
سەرجەم ئامادەکارییەکان لە شاری ھاڤانای پایتەختی کوبا ئەنجامدراون و بڕیارە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ئۆباما بگاتە کوبا و لەوێ لەگەڵ بەرپرسانی کوبا و لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە.
حەوت مانگ لەمەوپێش، ئۆباما و رائول کاسترۆ، سەرۆكی كوبا پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانی جیھان رێککەوتن لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و کوبا و ھەر ئەوکاتە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ھاڤانا لەدوای 44 ساڵ داخستنی، کرایەوە.
بەڵام ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە پابەندە بە پەسەندکردنی رێککەوتنەکە لەلایەن کۆنگرێسی ئەمریکاوە، چونكە کۆمارییەکان زۆرینەن و ئەوانیش دژی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی واشنتنن لەگەڵ کوبا.