ئۆپراسيۆنه‌كانى نه‌ينه‌وا: بۆردومانى چڕى داعش له‌ مووسڵ ده‌كرێت

كە پێگەی گرنگی ئەو رێكخراوە لە عێراقیش شاری مووسڵی ناوەندی پارێزگای نەینەوایە

K24 – هه‌ولێر:

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا لیوا نەجم جبووری رايگه‌ياند، "هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەسەركردایەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هێرشە ئاسمانییەكانی بۆ سەر شوێنەكانی چەكدارانی رێكخراوی داعش لە ناو شاری مووسڵ و باشووری شارەكە زۆر چڕكردووەتەوە، كە پێگەی گرنگی ئەو رێكخراوە لە عێراقیش شاری مووسڵی ناوەندی پارێزگای نەینەوایە".

لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لیوا نەجم جبووری گوتی: "بۆردومانی فڕۆكەكانی هاوپەیمانانان لەئێستادا بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی  چەكدارانی داعش لە شاری مووسڵ و باشووری شارەكە  زۆر چڕ بووەتەوە".

جبووری ئاشكرای كرد ئەو هێرشه‌كان زیاتر بۆ سەر ئەو شوێنانە ئەنجام دەدرێت، كە سەركردەكانی رێكخراوی داعشی لێیە.

ئەگەرچی تا ئێستا كاتی ھێرش كردنە سەر موسڵ دیار نییە، جبووری باس لەوە دەكات، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا ئامادەن و چاوەڕوانی فەرمانی فەرماندەیی گشت هێزە چەكدارەكان و سەرۆكوەزیران حەیدەر عەبادی دەكەن بۆ ئەوەی دەست بە پڕۆسەی رزگاركردنی مووسڵ بكەن.