ئیندیپێندێنت: 200 بەرپرس و دیبلۆماتکاران لە ناوچەی سەوزی بەغدا هەڵاتوون

K24-هەولێر
رۆژنامەی ئیندیپێندێنتی بریتانیا رایگەیاند نزیکەی 200 بەرپرس و دیبلۆمات لە ناوچەی سەوزی پایتەختی عێراق لە ترسی هاتنە ژوورەوەی خۆپێشاندەران بۆ نێو ناوچەکە، هەڵاتوون و ناوچەی سەوزیان جێهێشتووە.
رۆژنامەی ئیندیپێندێنت دەشڵێ: "خۆپێشاندەرانی لایەنگری رابەری رەوتی سەدر کە پیاوێکی ئایینیی گەنجە و لە دژی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەجەنگان، ئەوان ئەمڕۆ دیسان سەریانهەڵدا و داوای ئەنجامدانی چاکسازیی و رووبەڕووبونەوەی گەندەڵیی دەکەن لە نێو نوخبەی سیاسیدا کە بە هۆکاری خراپبوونی دۆخی عێراقیان دەزانن".
رۆژنامەکە باس لەوەش دەکات کە: "ئەم جەماوەرە توڕەیە لە دەرەوەی ناوچەی سەوز داوای لێپرسینەوە دەکات لە بەرپرسان کە لە ژیانێکی ئاسوودە دەژین و دروشمی ئەوان لە گۆڕەپانەکانی خۆپێشاندان ئەمەیە (لێگەڕێن بە لە کۆڵیان کەینەوە.. ئەوان دزن)".
ئەمە لە کاتێکدایە ماوەی چەند هەفتەیەکی لایەنگرانی رەوتی سەدری شیعە مەزهەب لە عێراق لە پێش دەروازەکانی ناوچەی سەوز لە بەغدا لە دژی "بڵاوبوونەوەی گەندەڵیی لە نێو دامودەزگاکانی حکوومەتی عێراق" خۆپێشاندان دەکەن و هەڕەشەی چوونە نێو ناوچەی سەوز دەکەن کە بارەگای زۆربەی زۆری وەزارەتەکانی حکوومەت و ماڵی چەندین بەرپرسانی باڵای عێراق لە خۆدەگرێت، جگە لە باڵوێزخانەی چەندین وڵاتی جیهان.
دوێنێش دوا موڵەتی رابەری رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆتایی هات کە پێشتر داوای لە سەرۆک وەزیران کردبوو چاکسازیی راستەقینە لە نێو حکوومەتەکەیدا ئەنجامبدات، بۆیە پێشبینیی دەکرێت هەینیی داهاتوو پێشهاتی نوێ لە بەغدا رووبدات و خۆپێشاندەران هەڵوێست بنوێنن.
ئا ئا ، ف