سەرکردەیەکی باڵا و دەیان چەکداری داعش کوژران

"دەست بە سەر 600 بۆمبی چێندراوی داعشدا گیراوە"

K24-هەولێر

فەرماندەیی پۆلیسی فیدڕاڵیی عێراق رایگەیاند هێزێکی لیوای 13 سەرکردەیەکی رێکخراوی داعشی تیرۆریستیان بە ناوی ئەبو عەبدوڵڵا و دەیان چەکداری داعشیان لە چیاکانی مەکحول لە پارێزگای سەڵاحەدین لە باکووری عێراق کوشت.

فەرماندەی پۆلیسی فیدڕاڵیی عێراق، فەریق رائید شاکر لە راگەیەندراوێکدا کە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە، بڵاویکردەوە گوتی: "لیوای سێی مەغاوییر لە کێڵگە نەوتییەکانی عەجیل و عەللاس (لە پارێزگای سەڵاحەدین) رووبەڕووی چەکدارانی داعش بوونەوە و لە ئەنجامدا 30 چەکداری داعش کوژران و چوار ئۆتۆمبێلیان تێکشکاند کە مووشەک هاوێژیان لەسەر بووە".

فەریق رائید شاکر گوتیشی: "هاوکات لیوای چواری مەغاوییر بەلەمێک و ئۆتۆمبێلێکی هاوکاریی داعشیان لە ناوچەی جەزیرەی خالدییە لە رۆژئاوای عێراق تێکشکاند و سەرنشینەکانیانیش کوشت".

فەرماندەیی پۆلیسی فیدڕاڵیی عێراق ئاماژەشی کرد کە: "لیوای هەشتی (پۆلیسی فیدڕاڵیی) بەرپرسی مەفرەزەکانی بۆمبرێژکردنیان (سەر بە داعش) لە ویلایەتی باکووری بەغدا لە ناوچەی تاجیی دەستگیر کرد لە کاتێکدا 600 بۆمبی چێندراوی پێبووە لەپاڵ بڕێکی زۆر لە تەقەمەنی و ئامێری کۆنتڕۆڵکردن لە دوورەوە".

لای خۆیەوە فەرماندەیی کردەوە هاوبەشەکان لە عێراق رایگەیاند: "هێزە ئەمنییەکان سەرکردەیەکی داعشین بە ناوی محەممەد ئەحمەد ئەلشوعەیب و پێنج لە پاسەوانەکانی لە گوندی ئەلحاج لە باشووری مووسڵ کوشت".

ئەمە لە کاتێکدایە شەڕی هێزەکانی عێراق و چەکدارانی داعش لە چەند پارێزگایەکی ئەو وڵاتە بەردەوامە بە تایبەت لە بەرەکانی دیوی شاری مووسڵ.

هاوکات چاودێران دەڵێن سەرەرای پاشەکشێکردنی داعش لە عێراق، بەڵام هێشتا روبەرێکی زۆری خاکی عێراق لە بندەستی چەکدارانی ئەو رێکخراوەیە بەتایبەت لە پارێزگاکانی نەینەوا و کەرکووک.

ئا: ئا ، ف

Fly Erbil Advertisment