نزیكەی چوار ھەزار ھاووڵاتی ئەورووپی لە ریزەكانی داعشن
زۆرەبەیان خەڵكی چوار وڵاتن

K24 - ھەولێر:
راپۆرتێکی نێودەوڵەتی ئاشکرای کردووە، نزیکەی چوار ھەزار ھاووڵاتی ھەڵگری پاسپۆرتی ئەورووپی لە عێراق و سووریان لە ریزی چهكدارانی داعش شەڕ دەکەن.
بەگوێرەی راپۆرتێکی سەنتەری دژە تیرۆری نێودەوڵەتی لە شاری لاھای ھۆڵەندا، نزیکەی چوار ھەزار ھاووڵاتی ئەوروپی له ریزی چهكدارانی داعش شەڕ دەکەن و زۆربەشیان خهڵكی چوار وڵاتی ئەوروپین".
راپۆرتەكە ئەوەی رونكردوەتەوە: "ئەو ھاووڵاتیە ئەورووپیانەی لە ریزی داعشن زۆربەیان خەڵكی وڵاتانی ئەڵمانیا، بەریتانیا، بەلجیکا و فەرەنسان، جگه لهم وڵاتانهش ھاووڵاتی 26 وڵاتی دیكهی ئەورووپی لەگەڵ رێکخراوی داعش لە عێراق و سووریا شەڕ دەکەن".
لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەدا ئاماژە بۆ ئەوە كراوە: "نزیکەی 3% چەکدارانی ئەورووپی لە ریزەكانی داعش، لە شەڕەکاندا کوژراون و 14% شیان بۆ ئەورووپا گەڕاونەتەوە".
ئاشكرا كردنی ژمارەی ھاووڵاتیانی ئەورووپی لە ریزەكانی داعش، لە كاتێكدایە كە لەم دوایەدا چەكدارانی داعش لە رێگەی تەقینەوەی خۆكوژی چەند شارێكی وڵاتانی ئەورووپایان كردوەتە ئامانج، بە تایبەتی زنجیرەیەك تەقینەوەیان لە بەلجیكا و فەرەنسا ئەنجامدا و زیانی گیانی زۆری لێكەوتەوە.
سەرچاوە: فرانس پرێس