سوپای ئەمریکا: بەرپرسی هێرشەکەی "مەخموورمان" کوشت

تورکیا: باڵەخانەی قونسوڵخانەمان لە مووسڵ لە لایەن هاوپەیمانانەوە خاپوور کرا

K24-هەولێر

سوپای ئەمریکا رایگەیاند بەرپرسی هێرشەکەی سەر بنکەی سەربازەکانمان لە باکووری عێراق (لە شارۆچکەی مەخموور) کوشت. هاوکات وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند کە فڕۆکە جەنگاوەرەکانی هاوپەیمانان باڵەخانەی قونسوڵخانەی تورکیایان لە شاری مووسڵ خاپوور کرد.

سوپای ئەمریکا راشیگەیاند کە: چەکدارەکەی داعش کە ناوی جاسم خەدیجەیە لە هێرشێکی ئاسمانیدا کە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان ئەنجامیدا کوژرا.

گوتەبێژی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی لە دژی داعش، کۆلۆنێل ستیڤ وارن رایگەیاند: "جاسم خەدیجە پسپۆری مووشەک بوو و هێرشەکەی بۆ سەر بنکە (سەربازییەکەی) ئەمریکا رێکخستووە".

لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە: هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی کە ئەمریکا سەرپەرشتیی دەکای پێشوەخت پرسی بە تورکیا کردووە و رەزامەندی وەرگرتووە بۆ ئەنجامدانی هێرشە ئاسمانییەکە.

ئەمە لە کاتێکدایە مانگی رابردوو بەهۆی بۆردومانکردنی بنکەیەکی سەربازیی کە سەربازانی ئەمریکا بەکاریدەهێنن لە شارۆچکەی مەخموور لە باشووری کوردستان، سەربازێکی ئەمریکا کوژرا و سەربازێکی دیکەش برینداربوو.

شاری مووسڵ ناوەندی پارێزگای نەینەوا لە باکووری عێراق لە ناوەڕاستی ساڵی 2014وە لە بندەستی چەکدارانی داعشدایە و بە یەکێک لە پێگە سەرەکییەکانی رێکخراوەکە ناودەبرێت لە عێراق.

سەرچاوە: رۆیتەرز، ئا: ئا ، ف

Fly Erbil Advertisment