سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم: بڕیاری 688 ئه‌نجوومه‌نی ئاساییش له‌ 1991 بڕیارێكی بوێرانه‌بوو

"ئەو بڕیارە بڕیارێكی ڕاست و ڕەوا بوو و خزمەتی پاراستنی خەڵكی كوردستانی كرد"

K24 – هه‌ولێر:

له‌ ساڵیادی ده‌رچوونی بڕیاری ژماره‌ 688 ئه‌نجوومه‌نی ئاساییش له‌ 1991 بۆ ناوچه‌ی دژه‌فڕین له‌ كوردستان، سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم ئه‌و بڕیاره‌ به‌ بڕیارێكی بوێر ناوده‌بات.

له‌ راگه‌یاندراوێكدا سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم رایگه‌یاند: "بڕیاری ژمارە 688ـی ئەنجوومەنی ئاساییشی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە 5ـی نیسانی 1991 كە تێیدا بە پشتیوانیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناوچەی دژەفڕین لە كوردستان دامەزرا، بڕیارێكی بوێرانە و مێژوویی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بوو بۆ پاراستنی گەلی كوردستان لە هەڕەشە و پەلامارەكانی ڕژێمی ئەو كاتی عێراق".

سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم گوتی: "ئەم بڕیارە لە ئەنجامی نیگەرانیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بارودۆخی خەڵكی سڤیل و ئاوارەكان و هەروەها هەوڵی وڵاتانی زلهێز هاتە كایەوە".

سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد: "بڕیاری 688 جێبەجێكردنی پڕەنسیپی دەستێوەردانی مرۆڤیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بوو بۆ ڕێگەگرتن لە تیاچوونی خەڵكی سڤیل كە لە ئەنجامی شەڕ و كاولكارییدا ژیانیان دەكەوێتە مەترسییەوە".

سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ئه‌وه‌شی گوت: "ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی ئاساییش بڕیارێكی ڕاست و ڕەوا بوو و خزمەتی پاراستنی خەڵكی كوردستانی كرد و كوردستان توانی خۆی بپارێزێت و گەشە بە بوونی خۆی بدات".

روونیشیكرده‌وه‌: "هەر لە ئەنجامی ئەوەیش هەرێمی كوردستان بوو بە فاكتەرێكی ئیجابی بۆ سەقامگیری لە ناوچەكە و خزمەتی بەرژەوەندیی ناوچەكە و جیهانی بە گشتی كرد و ئێستایش لە سەنگەری یەكەمی پاراستنی جیهانە لە هەڕەشەی تیرۆر".

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم

Fly Erbil Advertisment