شرناخ... ھێرش كرایە سەر ھێزە ئەمنییەكانی توركیا
"ھاتووچۆ قەدەغەكرا"

K24 - ھەولێر:
لە شارۆچكەی سلۆپی سەر بە شاری شرناخی باكووری كوردستان ھێرش كرایە سەر كاروانی ئۆتۆمبێلەكانی ھێزە ئەمنییەكانی توركیا، لە ئەنجامدا پۆلیسێك كوژرا و چواری دیكەش برینداربوون.
چەند سەرچاوەیەكی ئەمنی بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە: "سەر لە بەیانی ئەمڕۆ لە شارۆچكەی سلۆپی سەر بە شاری شرناخی باكووری كوردستان، لە لایەن چەند چەكدارێكەوە بە رۆكێت ھێرش كرایە سەر كاروانی ئۆتۆمبێلەكانی ھێزە ئەمنییەكانی توركیا".
بە گوێرەی زانیاری سەرچاوە ئەمنییەكان: "لەو ھێرشەدا بۆ سەر ھێزە ئەمنییەكانی توركیا پۆلیسێك كوژراو چواری دیكهش برینداربوونە".
شایەتحاڵەكانی لە شارۆچكەی سلۆپی ئاماژەیان بۆ ئەوەكردووە: "لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە لە رێگەی بڵندگۆوە ھێزە ئەمنییەكان خەڵكیان ئاگادار كردوەتەوە، كە ھاتووچۆ لە شارۆچكەكەدا قەدەغەیە".
زانیارییەكان ئاشكرایان كردووە، هێرشەکە لە ناوچەی جوودی لە سلۆپی بووە ، بەڵام تا ئێستا هیچ لایەنێك بەرپرسیاریەتی خۆی لەو ھێرشە رانهگهیاندووه.