دادگای فیدڕاڵیی بڕیاریدا: پەرلەمان بە یەک بڕیار دەتوانێ لابردنی وەزێر لە پۆستەکەی پەسەند بکات

"بە هەمان بڕیار دەتوانێ بڕیاری دانانی کەسێکی دیکە لە شوێنی پەسەند بکات"

K24-هەولێر

دادگای فیدڕاڵیی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، بڕیارێکی لەبارەی رەوابوونی دەنگدان لەسەر پەسەندکردنی بڕیاری لابردنی وەزیران لە پۆستەکانیان و پەسەندکردنی بڕیاری دانانی کەسێکی دیکە لە جێگایان دەرکرد و رایگەیاند پەرلەمان بە یەک بڕیار دەتوانێ بڕیاری لادانی وەزێر لە پۆستەکەی و بڕیاری دانانی کەسێکی دیکە لە شوێنی پەسەند بکات.

گوتەبێژی دادگای فیدڕاڵیی عێراق، عەبدولسەتار بەیرەقدار لە راگەیەندراوێکدا گوتی: "دادگای فیدڕاڵیی داواکارییەکی پێشکەش کراوە بۆ شیکردنەوەی رەوابوونی دەنگدانی ئەنجوومەنی نوێنەران (پەرلەمان) بە یەکجار بۆ پەسەندکردنی بڕیاری لابردنی وەزیر لە پۆستەکەی و پەسەندکردنی دانانی کەسێکی دیکە لە جێگەی و رێگەدان بە ئاشکراکردنی هۆکاری دوورخستنەوەکە یان ئاشکرانەکردنی".

عەبدولسەتار بەیرەقدار دەشڵێ: "دادگا پەنای بردە بەر ماددەی (78)ی دەستوور کە سەرۆک وەزیرانی سەرپش کردووە بۆ لابردنی وەزیر لە پۆستەکەی بە رەزامەندیی ئەنجوومەنی نوێنەران و دەقەکەی (ماددەکە) تەواوی ئەم مافەی بەخشیوە بەو مەرجەی هۆکارەکان روون بکرێنەوە".

گوتەبێژی دادگای فیدڕاڵیی عێراق ئاماژەش دەکات کە: "بڕیارەکەی (دادگا) جەخت دەکاتەوە کە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بەپێی دەقە دەستوورییەکە بەرپرسی جێبەجێکاری راستەوخۆیە لەبارەی سیاسەتی گشتیی دەوڵەت".

هاوکات لەبارەی رەوایی دەنگدانی پەرلەمانی عێراق بە یەکجار بۆ پەسەندکردنی لابردنی وەزیر لە پۆستەکەی هاوکات لەگەڵ دانانی کەسێکی دیکە لە جێگەی، عەبدولسەتار بەیرەقدار گوتی: "دادگاکە بە پشتبەستن بە دەقە دەستوورییەکان لەمبارەوە هیچ دەقێکی بەدی نەکردووە رێگر بێ لەم پرسە".

ئەمە لە کاتێکدایە سەرۆک وەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادیی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو ناوی کاندیدانی بۆ وەرگرتی پۆستە وەزارییەکان لە کابینە نوێیەکەی حکوومەتی عێراقی پێشکەشی سەرۆکی پەرلەمان، سەلیم جبوریی کرد، هاوکات پەرلەمان بڕیاریدا لە ماوەی دە رۆژدا متمانە بە کاندیدەکان ببەخشێ.

ئا: ئا ، ف

Fly Erbil Advertisment