پارێزگاری سەڵاحەدین لە پۆستەکەی کشایەوە
ئەنجوومەنی سەڵاحەدین لە سەر داوای پارێزگار کشانەوەی لە پۆستەکەی پەسەند کرد

K24-هەولێر
ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە زۆرینەی دەنگ کشانەوەی پارێزگاری سەڵاحەدین، رائید جبوریی لە پۆستەکەی پەسەند کرد.
ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین لە راگەیەندراوێکدا گوتی: ئەنجوومەن ئەمڕۆ بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی دەنگ کشانەوەی پارێزگاری سەڵاحەدین، رائید جبوریی لە پۆستەکەی پەسەند کرد و دەرگای خۆکاندیدکردنی بۆ پۆستی پارێزگاری سەڵاحەدین واڵا کرد.
پارێزگاری پێشووی سەڵاحەدین، رائید جبوریی، دوێنێ رایگەیاند کە داواکاریی پێشکەشی ئەنجوومەنی پارێزگا کردووە بۆ ئەوەی رێگەی پێبدەن دەستبەرداری پۆستەکەی بێت و داوای لە ئەنجوومەنەکە کرد کەسێکی شیاو بۆ ئەو پۆستە دیار بکەن.
پارێزگای سەڵاحەدین کە شاری تکریت ناوەندێتی کەوتووەتە باکووری عێراق و هاوسنوورە لەگەڵ باشووری کوردستان و نزیکەی ساڵێکە لە بندەستی چەکدارانی داعش دەرکراوە.
ئا: ئا ، ف