"نیشتمان" دوای حه‌وت مانگ شه‌هیدبوونی باوكی له‌دایكبوو

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/f21a2b16-f11e-4002-9dce-039ab9e068cf/mndal.ism/manifest

K24 - سلێمانی:

لە مەراسیمێکی شایستەدا، نەخۆشخانەی شۆڕش لە سلێمانی ڕێزی لە بنەماڵەی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاری کوردستان گرت.

مەراسیمەکە بۆ لەدایكبوونی منداڵی شەهیدێك بوو، کە حه وت مانگ پێش ئێستا، لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش لە داقوق شەهید کرا.

"نیشتمان" کچە خنجیلەی تەمەن یەك ڕۆژ، حەوت مانگ بەر لە ئەمڕۆ، سەرکەوت هەمەوەندی باوکی لە بەرەکانی جەنگی دژی تیرۆریستانی داعش، لە شەڕێکی دەستەو یەخەدا گیانی کردە قوربانی نیشتمانی کوردستان و ئەمڕۆش نیشتیمانی خۆی لە دایكبوو.

دایکی نیشتمان، بە حەسرەتی لە دەستدانی هاوسەرەکەی و لەسەر چەرچەفی نەخوشخانە، داوای لە بەرپرسانی باڵای کوردستان کرد، کە ئاگایان لە خانەوادەو مناڵی شەهیدەکان بێت و بێنازییان نەکەن.

لە پێشوازی "نیشتمان"دا بەرپرسانی حزبی و حکوومی و کەسوکاری خانەوادەی شەهید سەرکەوت، بە گوڵ و شیرینی بەخێرهاتنی ئەو کۆرپە ساوایەیان کرد.

نەخۆشخانەی شۆڕش، یەکێکە لەو نەخۆشخانانەی پارێزگای سلێمانی، کە سەر بە دەزگای تەندروستی پێشمەرگەیە، لێرە بێ جیاوازی، خزمەتی بنەماڵەی شەهیدان و کەس وکاری پێشمەرگەکانی کوردستان دەکرێت.

Fly Erbil Advertisment