رێگری له بیری توندڕه‌وی ده‌كرێت
700 هه‌زار ناونیشانی كتێب نمایشكراون
K24 - هه‌ولێر:
له دووه‌م رۆژی پیشه‌نگای نێوده‌وڵه‌تی كتێب، ڕێگری له هه‌موو ئه‌و كتێبانه كرا كه گومانی توندڕه‌ویان لێده‌كرێت، ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتووی ئیسلامیش ده‌ڵێت، پێویسته په‌یوه‌ست بین به‌و كتێبانەی كه ژیانی كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان به‌ره‌و ئارامی ده‌بەن.
پێشمه‌رگه به‌رانبه‌ر گه‌وره‌ترین رێكخراوی تیرۆرستی ده‌جه‌نگێت، بۆئه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی له مه‌ترسی تیرۆر بپارێزێت، تا كه‌سانی توندڕه‌و نه‌توانن سنووره‌كانی كوردستان ببه‌زێنن.
هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان باوه‌شی بۆ گه‌وره‌ترین نمایشی كتێب له ناوچكه كردۆته‌وه، ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتووی ئیسلامیش ده‌ڵێت هه‌ر ده‌رگایه‌ك بته‌وێت له‌ژیان بیكه‌یته‌وه، ده‌بیت كلیله‌كه‌ی خوێندنه‌وه بێت.
لێره هاوشێوه‌ی سه‌نگه‌ره‌كان، شه‌ڕ له‌گه‌ڵ بیری توندڕه‌وی ده‌كرێت، ئه‌م پیاوه، یازده ساڵه به كتێبی ئایینی به‌شداری له پیشه‌نگای نێوده‌وڵه‌تی ده‌كات، به‌ڵام ئێستا نیگه‌رانه كه فرۆشتنی چه‌ند كتێبێكی لێی قه‌ده‌غه‌كراوه.
كتێبه ئایینییه‌كان له فرۆش نه‌كه‌وتوون، به‌ڵام له‌ناوخۆیاندا بوونه‌ته چه‌ند به‌ره‌یه‌ك، ئه‌و مامۆستایه وه‌ك خۆی ده‌ڵێت، به‌شێك له‌و خانانه‌ی كتێبی ئایینی ده‌فرۆشن، هه‌ر له دووره‌وه بۆنی توندڕه‌ویان لێدێت.
ساڵانه پیشه‌نگای نێوده‌وڵه‌تی له‌لایه‌ن كه‌سی یه‌كه‌می وڵات شریته‌كه‌ی ده‌بڕدرێت، ئه‌مساڵیش 700 هه‌زار ناونیشانی كتێب، بۆ ماوه‌ی ده رۆژ له شاری هه‌ولێر نمایش ده‌كرێت، نووسه‌رێكیش ده‌ڵێت، خوێندنه‌وه خولیایه.